Accessibility links

بێرنی ساندەرز دەستبەرداری هەوڵەکەی دەبێت بۆ گەیشتن بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و بایدن سوپاسی دەکات


سیناتۆر بێرنی ساندەرز کشانەوەی خۆی ڕاگەیاند لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و بەمەش ڕێگە لە بەردەم جۆو بایدن جێگری سەرۆکی پـێشووی ئەمەریکا خۆش دەبێت تاوەکو ببێتە کاندیدی دیموکراتەکان و ڕووبەڕووی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا ببێتەوە.

سیناتۆر ساندەرزی تەمەن 78 ساڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکی ڤیدیۆیدا بە لایەنگرانی گوت سەرکەوتنی لە هەوڵەکەی بۆ کاندیدی دیموکراتەکان کارێکی قورسە. گوتیشی جۆو بایدن پـیاوێکی زۆر بەڕێزە و کاری لەگەڵدا دەکات تاوەکو "لە بیروبۆچوونە پـێشکەوتووخوازەکانیاندا هەنگاو بەرەو پـێشەوە بنێن."

جۆو بایدن لای خۆیەوە سوپاسی کرد و لەسەر تویتەرەکەی نووسی" ئێمە دەزانین ئەم بڕیارەت چەندە قورسە، بەڵام بەرژەوەندی وڵاتەکە و پـێوستی شکستهێنان بە دانۆڵد ترامپ، خستنە پـێش هەموو شتێکەوە. بۆیە ئێمە سوپاسگوزاری تۆین. بەڵام دەمانەوێت بزانیت: ئێمە لەگەڵدا بەردەوام دەبین. گوێت لێ دەگرم. وەک چۆن دەڵێیت: من نا، ئێمە."

پاشان بایدن بۆ لایەنگرانی ساندەرزی کە زۆربەیان گەنج و خوێندکارن، نووسی" دەزانم کە پـێویست بەدەستهێنانی دەنگتانە. دەزانم ئەمە هەندێک کاتی دەوێت. بەڵام دەمەوێت بزانیت کە دەتبینم ، گوێم لێتە، دەزانم ئەم ساتە چەندە گرنگە. هیوادارم بێتە پاڵمانەوە. زۆر بەخێربێیت. تۆ پـێویستیت."

بێرنی ساندەرز لەگەڵ ئەوەدایە خوێندنی زانکۆش بە خوڕایی بێت و هەموو هاوڵاتیەک لە ئەمەریکا بیمەی تەندروستی هەبێت و حکومەت زۆربەی خەرجیـیەکان لە ئەستۆ بگرێت. دەڵێت ناکرێت وڵاتێکی بەهێز و دەوڵەمەندی وەک ئەمەریکا هاوڵاتیانی بیمەی تەندروستیان نەبێت و خەڵکی بێ لانەی هەبێت. بەڵام ڕەخنەگرانی دەڵێن ئەو خواستانەی ساندەرز قورسە بێنە دی، چونکە زۆر لەسەر ئابوری وڵاتەکە دەکەون.

XS
SM
MD
LG