Accessibility links

سەرۆکی لوبنان سەعد حەریری ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ


سەرۆکی لوبنان میشال عەون سەعد حەریری ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە، واپێشبینی دەکرێت حەریری ڕووبەڕووی ئەرکێکی قورس ببێتەوە بەتایبەتی بەهۆی ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆ و ناڕەزایی خەڵک لە سیاسییەکانی وڵاتەکە.

ساڵێک لەمەوبەر سەعد حەریری دەستی لە پۆستی سەرۆک وەزیری لوبنان کێشایەوە، ئەگەر هاتوو سەرکەوتوو بێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێدا ئەوا چوارەمین جارە ببێتە سەرۆک وەزیری وڵاتەکە.

ڕاسپاردنی حەریری لەکاتێکدایە وڵاتەکە ڕووبەڕووی داڕمانی ئابووری بۆتەوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی فەڕەنسا چاوەڕێ دەکەن ڕابەرانی وڵاتەکە چاکسازییە گرنگەکان جێبەجێ بکەن کە تاوەکو ئێستا شکستیان هێناوە لە جێبەجێکردنیان، ئەوەش مەرجێکە بۆ پشتیوانیکردنی دارایی وڵاتەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە.

سەرۆکایەتی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " دوای ئەوەی سەرۆکی کۆمار تاوتوێی بابەتەکەی کرد، سەرۆک سەعد حەریری بانگهێشت کردووە تاوەکو حکومەتی نوێی لوبنان پێک بهێنێت."

دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی لوبناندا، حەریری بە ڕۆژنامەنووسانی وت " حکومەتێک پێک دەهێنێت کە پێک هاتبێت لە شارەزایانی ناحیزبی و ئەرکی حکومەتەکەی جێبەجێکردنی چاکسازییە ئابووری و دارایی و بەڕێوبەرایەتیەکان دەبێت."

وتی " بەخێرایی کار لەسەر پێکهێنانی حکومەت دەکەم چونکە لە ئێستادا کات کەمە و ئەم هەلەی لەبەردەم وڵاتەکەماندایە کۆتا هەلە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG