Accessibility links

فڕۆکەیەکی ڕوسی بە 28 سەرنشینەوە لە ڕۆژهەڵاتی ڕوسیادا دیارنامێنێت


بەرپرسانی ناوخۆی ڕوسیا وتیان فڕۆکەیەکی ڕوسی بە 28 سەرنشینەوە لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی کاماچاتکای ڕوسیادا دیارنەماوە.

وەزارەتی گواستنەوەی ناوخۆی ڕوسیا وتی فڕۆکەکە کە لە جۆری An- 26 Antonov ە لەشاری پیترۆپاڤلۆسکی- کاماچاتسکیەوە بەرەو شارۆچکەی پالانا ڕۆیشتووە، لەمیانەی گەشتەکەیدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی ئاسمانیدا لەدەستداوە و لەسەر ڕادار نەماوە.

وەزارەتەکە وتی 22 سەرنشین و شەش کارمەند لە فڕۆکەکەدا بوون. بەرپرسانی ناوخۆش ئاماژەیان بەوەدا سەرۆکی شارەوانی ناوچەکە ئۆلگا مۆخیریڤا و چوار بەرپرسی حکومەت لەنێو سەرنشینەکاندا بوون.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی وتی فڕۆکەکە لەدووری 10 کیلۆمەترەوە لە فڕۆکەخانەی پالانا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی ئاسمانیدا لەدەستداوە و ویستوویەتی بنیشێتەوە. لەو کاتەشدا کەشەکە تەم بووە.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ دەڵێن پێدەچێت فڕۆکەکە کەوتبێتە ناو دەریاوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە، دەزگای هەواڵی ڕیای ڕوسی وتی کۆمەڵێک کەشتیش لە گەڕاندان بەدوای فڕۆکەکەدا.

وتەبێژی ئۆفیسی جێبەجێکاری گواستنەوەی ناوخۆ ڤالانتینا گلازۆڤا بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " لە ئێستادا هەر ئەوەندە دەزانین، ئەوەی ڕێی تێدەچێت ئەوەیە پەیوەندییەکان لەگەڵ فڕۆکەکەدا پچڕاوە و فڕۆکەکە نەنیشتۆتەوە."

بەرپرسانی ناوخۆی ناوچەکە وتیان لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەستی پێکردووە و لە ئێستا تیمەکانی فریاکەوتن دەستیان کردووە بە گەڕان بەدوای سەرنشینەکاندا، هەروەها دوو هێلیکۆپتەریش ڕەوانە کراون بۆ پشکنینی ئەو ڕێگایەی فڕۆکەکەی پێدا ڕۆیشتووە.

جێی ئاماژەیە ڕوسیا لە ڕابردوودا ناسراو بوو بە ڕووداوەکانی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکان، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا چاکسازی لە بواری گەشتەوانی و هاتوچۆی ئاسمانیدا کردووە.

بەڵام باش ڕانەگرتنی فڕۆکەکان و نەبوونی ستانداردی پارێزراوی هێشتا ماوە، لەم ساڵانەی ڕابردووشدا ڕوسیا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ڕووداوی ئاسمانی کوشندە بۆتەوە.

سەرچاوە / AFP, AP

XS
SM
MD
LG