Accessibility links

پەرلەمانی ڕووسیا پڕۆژە یاسایەک بۆ داخستنی دەزگا هەواڵییە بیانییەکان پەسەند دەکات


پەرلەمانی دووەمی ڕووسیا پڕۆژە یاسایەکی بۆ داخستنی دەزگا هەواڵییە بیانییەکان پەسەند کرد، یاساکەش دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا دەگرێتەوە کە " دۆستی " ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا نەبوون، ئەمەش دوابەدوای داخستنی هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە دەوڵەتی ڕووسیا لە ڕۆژئاوادا.

پڕۆژە یاساکە بڵاوکردنەوەی نوسراو یاخود بابەتی ئەو دەزگایانە قەدەغە دەکات کە پێشتر لەلایەن ڕووسیاوە داخراون. بۆ ئەوەی پڕۆژەکە ببێتە یاساش، دەبێت پەرلەمانی یەکەمی ڕووسیا و دواتریش سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەبێت پەسەندی بکەن.

بەپێی پڕۆژە یاساکە، ڕۆژنامەنووسانی ئەو دەزگایانەی کە دادەخرێن مۆڵەتی کارکردنیان لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیاوە لێدەسەندرێتەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە چیتر ناتوانن لە ڕووسیا کاربکەن.

پڕۆژە یاساکە ئەو کێشانە زیاتر دەکات کە ڕووبەڕووی ڕاگەیاندنە بیانییەکانی ناو ڕووسیا بوونەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕووسیا لە مانگی سێدا یاسایەکی دەرکرد کە تیایدا هەر دەزگایەک هەواڵی " ساختە " سەبارەت بە سوپای ڕووسیا بڵاوبکاتەوە ئەوا سزا دەدرێت.

پەرلەمانتارانی ڕووسیا لەکاتی شیکردنەوەی پڕۆژە یاساکەدا وتیان " لەم بارودۆخە جیۆ سیاسییەی کە ئێستا هەیە، ڕاگەیاندنەکان بوونەتە ئامڕازێک بۆ کارکردنەسەر بارودۆخی زانیاریی کۆمەڵگە."

لە مانگی سێدا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن یاسایەکی پەسەند کرد کە تیایدا سزای 15 ساڵ زیندانی بەسەر هەر کەسێکدا دەسەپێنێت کە بە مەبەست هەواڵی " ساختە " سەبارەت بە سوپای ڕووسیا بڵاوبکاتەوە، ئەمەش وایکرد وڵاتانی ڕۆژئاوا هەندێک لە ڕۆژنامەنووسەکانیان لە ڕووسیا بکشێننەوە، دەزگاکانی دیکەی وەکو ڕۆیتەرز لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە و بەردەوام بوون لە بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG