Accessibility links

پاڵاوگەکەی ڕووسیا دەڵێت لە ئاڕاستەی ئۆکرانیاوە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لێیدراوە


پاڵاوگەی نەوتی ڕووسیا دەڵێت دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاڕاستەی ئۆکرانیاوە هاتوون و لە پاڵاوگە سەرەکییەکەی نەوتی ڕووسیایان داوە کە دەکەوێتە نزیک سنوری ئۆکرانیاوە. بەهۆی ئەوەشەوە ئاگرێک لە پاڵاوگەکەدا کەوتەوە و کارەکان لە پاڵاوگەکەدا ڕاگیران.

ئەو هەرێمانەی ڕووسیا کە دەکەونە سەر سنووری ئۆکرانیا باسیان لە کۆمەڵێک هێرش و بۆردومانی ئۆکرانیا کردووە بۆ سەر هەرێمەکانیان.

پاڵاوگەی نەوتی نۆڤۆشاختینسک لە هەرێمی ڕۆستۆڤی ڕووسیا وتی یەکەم دڕۆنیان لە کاتژمێر 8:40 خولەکی بەیانیدا لە پاڵاوگەکەیداوە، لە یەکەی دڵۆپاندنی نەوتە خاوەکەی داوە و ئاگرێک کەوتۆتەوە.

دووەم هێرش کاتژمێر 6:23 خولەک بووە و ئامانجەکەی یەدەگەکانی نەوتی خاو بووە لە پاڵاوگەکەدا، پاڵاوگەکە زۆرترین نەوت بەرهەمدەهێنێت لە باشووری ڕووسیادا، بەڵام هێرشەکە ئاگری لێنەکەوتۆتەوە، کەسیش بریندار نەبووە.

پاڵاوگەکە گوتی " لە ئەنجامی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە لە سنووری ڕۆژئاوای هەرێمی ڕۆستۆڤەوە، دوو دڕۆن دامەزراوە تەکنەلۆجیاکانی نۆڤۆشاختینسکیان کردە ئامانج."

گوتیشی "کارمەندانی پاڵاوگەکە گواستراونەتەوە و کارەکانی پاڵاوگەکە ڕاگیراون تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکرێت."

فەرمانڕەوای هەرێمی ڕۆستۆڤ ڤاسێلی گۆلوبێڤ وتی پاڵاوگەکە کارەکانی ڕاگرتووە، وتیشی پارچەی دڕۆنەکان لە پاڵاوگەکەدا دۆزراونەتەوە.

وەزارەتی وزەی ڕووسیا گوتی ئاگرەکە کاریگەری نەبووە لەسەر دابینکردنی پێویستییەکانی گازۆلین و دیزڵ بۆ باشووری ڕووسیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG