Accessibility links

کێ هێشتا نەوتی ڕووسیا دەکڕێت و کێش چیتر نایکڕێت


لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، هەندێک لە وڵاتان و کۆمپانیاکانی جیهان کڕینی نەوتی ڕووسیایان قەدەغە کردووە و هەندێکی دیکەیان هێشتا بەردەوامن لە کڕینی نەوتەکە و سوودییان لە بارودۆخەکە وەرگرتووە.

ئوستڕاڵیا و کەنەدا و بەڕیتانیا و ئەمەریکا ڕاستەوخۆ کڕینی نەوتی ڕووسیایان قەدەغە کردووە، هاوکات وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت، بە ژاپۆنیشەوە، لە 8 ی مانگی پێنجدا بەڵێنیاندا هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا قەدەغە بکەن، یاخود قۆناغ بە قۆناغ کڕینی نەوتی ڕووسیا ڕابگرن.

لە 30 مانگی پێنجدا یەکێتی ئەوروپا ڕێکەوتن لەسەر قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئەو نەوتەی ڕووسیا کە لەڕێی بارهەڵگرەکانەوە دێنە یەکێتییەکەوە.

قەدەغەکردنەکە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا لەڕێی بۆری نەوتی دروژباوە ناگرێتەوە، ئەمەش ڕێگە دەدات بە کۆمپانیاکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئەڵمانیا بەردەوام بن لە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا، بەڵام پۆڵەندا و ئەڵمانیا وتوویانە کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2022 کۆتایی بە کڕینی نەوتی ڕووسیا دەهێنن.

ئەوەش نزیکەی لە سەدا 90 ی ئەو نەوتەی ڕووسیا دەگرێتەوە کە هەناردەی یەکێتی ئەوروپای دەکات.

تەنانەت پێش پەسەندکردنی قەدەغەکردنەکە، لانی کەم 26 پاڵێوگەی ئەوروپی و کۆمپانیا بازرگانییەکان خۆبەخشانە کڕینی نەوتی ڕووسیایان ڕاگرتووە یاخود پلانیان هەیە قۆناغ بە قۆناغ کڕینی 2.1 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕووسیا ڕابگرن، ئەمەش بەپێی کۆمپانیای جەی پی مۆرگان.

هاوکات چین و هیندستان کە ڕەتییان کردۆتەوە سەرکۆنەی کارەکانی ڕووسیا بکەن لە ئۆکرانیا، سوودییان لە داشکاندنەکان وەرگرتووە لە نرخی نەوتی ڕووسیدا.

بەپێی داتاکانی ڕیفینیتیڤ ئیکۆن، لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە، هیندستان 34 ملیۆن بەرمیل نەوتی بە نرخە داشکاوەکە لە ڕووسیاوە وەرگرتووە، هەروەها بڕیاریشە لە مانگی شەشدا 28 ملیۆن بەرمیلی دیکە وەربگرێت.

کڕیارانی ئێستای نەوتی ڕووسی:
کۆمپانیای نەوتی سەر بە دەوڵەتی هیندستان بهارات پێتڕۆڵیۆم، بەپێی دوو سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکەوە، لە مانگی پێنجدا 2 ملیۆن بەرمیلی لە نەوتی ئوڕاڵسی ڕووسی کڕیوە.

بەپێی سەرچاوە بازرگانییەکان، کۆمپانیای هیندوستان پێتڕۆڵیۆم، کۆمپانیایەکی نەوتی هیندستانە و لە مانگی پێنجدا 2 ملیۆن بەرمیلی لە نەوتی ئوڕاڵسی ڕووسی کڕیوە.

کۆمپانیای ئیندیان ئۆیڵ کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی هیندستانە لە 24 ی مانگی دووەوە زیاتر لە 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئوڕاڵسی ڕووسی کڕیوە و گرێبەستێکی لەگەڵ ڕۆزنەفتی ڕووسیدا هەیە کە بەپێی گرێبەستەکە لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە 15 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی ڕووسی هەناردەی هیندستان دەکرێت.

هەریەک لە کۆمپانیای سینۆپیکی چین و پێرتامینای ئیندۆنیسیا و پی سی کەی شویدتی ئەڵمانیا کە ڕۆزنەفت خاوەنییەتی و نیفتۆچیم بورگازی بولگاری کە لوکئۆیڵی ڕووسی خاوەنییەتی و نایارا ئینێرجی هیندی کە ڕۆزنەفت خاوەنییەتی و کۆمپانیای مۆلی هەنگاری و میرۆی ئەڵمانی کە ڕۆزنەفت خاوەنییەتی و لیونای ئەڵمانی بەردەوامن لە کڕینی نەوتی خاوی ڕووسی.

کڕیارانی پێشووی نەوتی ڕووسیا:
کۆمپانیای بی پی بەڕیتانیا لە ڕووسیا هاتە دەرەوە و وتی چیتر گرێبەستی نوێ لەگەڵ لایەنەکانی ڕووسیادا واژۆ ناکات.

کۆمپانیای ئینیۆسی ژاپۆن کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی وڵاتەکەیە چیتر نەوتی خاوی ڕووسی ناکڕێت و پلانی هەیە شوێنێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزێتەوە بۆ کڕینی نەوت.

هەریەک لە کۆمپانیاکانی دیکەی وەکو کۆمپانیای ئێنی سەر بە حکومەتی ئیتاڵیا و ئیکیونۆری نەرویج، گاڵپی پورتوگال، گلێنکۆر و هێلێنکی پیتڕۆڵیۆمی یۆنان، نێستەی فینلەندا، ئۆ ئێم ڤی پیتڕۆمی ڕۆمانیا، پی کەی ئێن ئۆرلینی پۆڵەندا، پرێمی سوید، ڕیپسۆلی ئیسپانیا، ترافیگورای جنێڤ، تۆتاڵ ئینێرجیزی فەڕەنسا، ڤیرۆ ئینێرجی سویسرا، کۆمپانیای شێڵ کە گەورەترین کۆمپانیای بازرگانی پیتڕۆڵیۆمی جیهانە کڕینی نەوتی ڕووسیایان ڕاگرتووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز


XS
SM
MD
LG