Accessibility links

ڕووسیا لە هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی میکۆلایڤی ئۆکرانیا شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان دەکاتە ئامانج


میکۆلایڤ، 23 ی مانگی 10 ی 2022 ، ئۆکرانیا

لە کاتێکدا لە باشووری ئۆکرانیا لە ژێر فشاری هێزەکانی ئۆکرانیادایە، ڕووسیا ڕۆژی یەکشەممە هێرشی موشەکی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردە سەر هەرێمی میکۆلایڤی ئۆکرانیا، لە هێرشەکەدا باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونیان وێران کرد و گوتیشی شەڕەکە بەرەو ئەوە دەڕوات " لە جڵەو دەربچێت."

میکۆلایڤ دەکەوێتە دووری 35 کم لە باکووری ڕۆژئاوای بەرەکانی پێشەوەی خێرسۆنی داگیرکراوەوە، لە هەرێمی خێرسۆنیش کە دەکەوێتە باشووری ئۆکرانیاوە ڕووسیا فەرمانی بە 60,000 هاوڵاتی کردووە هەرێمەکە جێبهێڵن، لە کاتێکدا ئامادەکاری دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە پێچەوانەکەی ئۆکرانیا بۆ گرتنەوەی هەرێمەکە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی وەزیری بەرگری وڵاتەکە سێرگێی شوێگۆ لە میانەی چەند پەیوەندییەکی تەلەفونیدا تاوتوێی " خراپبوونی خێرای ڕەوشی ئۆکرانیا " ی کردووە لەگەڵ وەزیرانی بەرگری فەڕەنسا و بەڕیتانیا و تورکیادا.

هاوکات لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لوەید ئۆستنیشدا گفتوگۆی کردووە.

بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک، شوێگۆ وتی ئۆکرانیا ڕەنگە لە ڕێی بەکارهێنانی " بۆمبێکی پیسەوە " – تەقەمەنی ئاسایی کە بە ماددەی تیشکدەرەوە بەستراونەتەوە - ڕەوشەکە خراپتر بکات. ئۆکرانیا چەکی ئەتۆمی نیە، لە کاتێکدا کە ڕووسیا وتوویەتی ناوچەکانی ڕووسیا بە چەکی ئەتۆمی دەپارێزێت.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە و وتی " درۆکانی ڕووسیا سەبارەت بەوەی گوایە ئۆکرانیا پلان دادەنێت بۆ بەکارهێنانی ' بۆمبێکی پیس ' چەندێک بێمانان ئەوەندەش مەترسیدارن." گوتیشی " ڕووسیا زۆرجار تۆمەتی شتێک دەخەنە پاڵ ئەوانی دیکە کە خۆیان بە نیازن ئەو شتە ئەنجام بدەن."

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی لە ئەوروپادا تەنها ڕووسیا لە توانایدا هەیە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت، " تەلەفونە بەپەلەکانی " شویگۆش شتەکانی ڕوون کردەوە.

گوتی " هەمووان بە تەواوەتی لەوە تێدەگەن. تێدەگەن لەوەی کێ سەرچاوەی هەموو شتە پیسەکانە لەم جەنگەدا."

ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی موشەکێکی ڕووسیاوە بینایەکی نیشتەجێبوون لە میکۆلایڤ زیانێکی گەورەی بەرکەوت، پارچە و پاشماوەکانی هەڵدا بۆ بیناکانی تەنیشتی و پەنجەرەکانی شکاند و دیوارەکانیش درزییان برد. ئوتومبێلەکانیش کەوتنە ژێر خۆڵ خاشاکی بیناکەوە. بەڵام هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی میکۆلایڤ ڤیتالی کیم گوتی شەوی ڕابردوو ئۆکرانیا 14 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی " کامیکازی " ڕووسی بەسەر میکۆلایڤدا خستۆتە خوارەوە. ئەو جۆرە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە بە شێوەیەک دروست کراوە کە لەگەڵ بەرکەوتندا دەتەقێتەوە و لەم مانگەشدا زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا گەیاندووە.

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی شاهید – 136 ی ئێرانی بەکارهێناوە. تاران ڕەتی دەکاتەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دابێت بە ڕووسیا.

کیم گوتی ڕووسیا بە موشەکی ئێس – 300 هێرشەکەی ئەنجامداوە و یەکێک لە موشەکەکان بینایەکی نیشتەجێبوونی پێنج نهۆمی کردۆتە ئامانج.

پێشڕەوییەکانی ئۆکرانیا لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا لە دەوروبەری خێرسۆن و باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕووبەڕووی زیادبوونی هێرشە موشەکییەکان و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا بۆوە بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیا، کە بووەتە هۆی لە ناوچوونی نزیکەی لە سەدا 40 ی سیستمی کارەبای ئۆکرانیا.

هێزەکانی ڕووسیا لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا لە چەند بەشێکی هێڵەکانی پێشەوە کشاونەتەوە و بەرپرسانی داگیرکەرانیش هاوڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچانە دەگوازنەوە کە ڕووسیا داگیریکردوون، ئەمەش پێش شەڕە پێشبینی کراوەکەی خێرسۆن. خێرسۆن دەکەوێتە ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆوە و دەروازەیەکە بۆ نیمچە دوورگەی کرایمییە، کە لە ساڵی 2014 دا مۆسکۆ لکاندی بە ڕووسیاوە.

وەزیری خوێندنی ڕووسیا سێرگێی کراڤستۆڤ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی " بارودۆخەکەی ئەمڕۆ سەختە. زۆر گرنگە ژیانی خۆتان ڕزگار بکەن. زۆری پێناچێت. بە دڵنیاییەوە دەگەڕێنەوە."

بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا لە خێرسۆن ئاماژەیان بەوەدا ڕۆژی یەکشەممە کەمی هەبووە لەو بەلەمانەدا کە خەڵکەکە بە ڕووبارەکە ددەپەڕێننەوە، هۆکارەکەشیان گەڕاندەوە بۆ " زیادبوونێکی بەرچاوی ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن."

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکس گوتی لە ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووەوە نزیکەی 25 هەزار کەس خێرسۆنیان جێهێشتووە.

سوپای ئۆکرانیاش گوتی دەستکەوتیان هەبووە لە باشوور و لانیکەم دوو گوندییان کۆنتڕۆڵ کردووە کە ڕووسیا جێیهێشتوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG