Accessibility links

سەرچاوەکان: بەکرێگیراوانی ڕوسی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کراون


چوار سەرچاوە بە دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرزیان وت لەم هەفتانەی دواییدا بەکرێگیراوانی ڕوسی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کراون کە لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندایە، ئەوەش بەمەبەستی پتەوکردنی بەرگرییەکان دژی هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا، ئەمەش لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا لە زیادبووندایە.

لەم هەفتانەی دواییدا ڕوسیا دەیان هەزاران سەربازی ڕەوانەی نزیک سنووری ئۆکرانیا کردووە، دواتریش کۆمەڵێک داواکاری بەپەلەی ئاڕاستەی ڕۆژئاوا کرد، مۆسکۆ دەڵێت مەبەست لە داواکارییەکانی ئەوەیە کە ئۆکرانیا و وڵاتانی دیکەی دراوسێی ڕوسیا وەکو بنکەیەکی سەربازیی بەکارنەهێندرێن بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتەکە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئۆکرانیاش ڕوسیایان تۆمەتبار کردووە بەوەی لە مانگی داهاتوودا هێرشی نوێ دەکاتە سەر ئۆکرانیا، مۆسکۆش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا بەشێوەیەکی نایاسایی نیمچە دورگەی کرێمیای لەخۆگرت و دواتر پشتیوانی سەربازیی لە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کرد لە شەڕیاندا دژی حکومەتی ئۆکرانیا، دواتر جیاخوازەکان خاکێکی بەرفراوانی هەرێمی پیشەسازی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کۆنتڕۆڵکرد، لەوێوە بەردەوامبوون لە شەڕیاندا دژی هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا.

لە چوار سەرچاوەکە، سێ سەرچاوەیان باسیان لەوە کرد داوایان لێکراوە وەکو بەکرێگیراو بچن بۆ دۆنباس، وتیان ئەوانەی کە ناوی بەکرێگیراوەکانیان تۆمار دەکرد ئەوەیان ئاشکرا نەکرد کە نوێنەرایەتی کێ دەکەن، چوار سەرچاوەکە لە ترسی پارێزراوییان ڕەتیان کردەوە ناوییان ئاشکرا بکرێت.

دووان لە سێ سەرچاوەکە وتیان ڕازی بوون بەوەی وەکو بەکرێگیراو بچن بۆ دۆنباس، سێیەمیان وتی ڕەتم کردۆتەوە.

یەکێک لەو دوو سەرچاوەیەی کە داواکەیان پەسەند کردووە وتی " خەڵکێکی زۆر داواکە پەسەند دەکەن. ئەوان هەموو ئەو کەسانە کۆدەکەنەوە کە ئەزموونی شەڕکردنیان هەیە."

وتی پێشتر کاری بۆ بەڵێندەرانی ئاسایشی ڕوسی کردووە لە ئۆکرانیا و سوریا، کە ئەرکەکانیان هەمان بەرژەوەندیی ستراتیژی ڕوسیای هەبووە.

شەڕکەرەکە وتی پلانی هەیە بچێتە پاڵ هاوڕێ بەکرێگیراوەکانیەوە لەمدیوی سنووری ڕوسیا لە هەرێمی لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکاندایە.

کرێملن دەڵێت ڕوسیا هیچ پەیوەندییەکی بە بەڵێندەرانی کەرتی تایبەتی سەربازیی ڕوسیاوە نیە و دەشڵێت ئەرکەکانیان خۆبەخشانەیە و هیچ پەیوەندییان بە حکومەتی وڵاتەکەوە نیە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " ئەمە یەکەمین جارە ئەمە دەبیستین و نازانین تا چ ڕادەیەک ئەم هەواڵانە ڕاستن."

پێسکۆڤ وتی هەرگیز هیچ کاتێک هێزە ئاساییەکانی ڕوسیا یاخود ڕاوێژکارانی سەربازیی وڵاتەکە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا نەبوون، ئاماژەشی بەوەدا ڕوسیا بیر لە ناردنیشیان ناکاتەوە. بەڵام ئۆکرانیا دەڵێت ئەوە ڕاست نیە و هێزەکانی سوپای ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بوونیان هەیە.

ئالیکساندەر ئیڤانۆڤی بەڕێوبەری کۆمەڵگەی ئەفسەران بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی کە گروپێکی ناحکومییە و نوێنەرایەتی بەڵێندەرانی ڕوسیا دەکات لە کۆماری ناوەندی ئەفریقا، وتی " هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی " بەدەست نەگەیشتووە سەبارەت بە ڕەوانەکردنی بەکرێگیراوانی ڕوسی بۆ ئۆکرانیا.

سێ سەرچاوە لە سەرچاوەکان وتیان ئاگاداری هیچ پلانێک نین بۆ هێرشێکی نوێی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، یاخود ئامادەکارییەک کە پێشنیاری ئەوە بکات هێرشێک بەڕێوەیە.

یەکێک لە سەرچاوەکان کە بەڵێندەرێکە و لە ئەرکەکانی ڕوسیادا لە دەرەوە بەشداریی کردووە و گەیشتۆتە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وتی ڕەوانەکردنی بەکرێگیراوەکان بۆ بەمەبەستی بەرگریکردن بووە. یەکەمین سەرچاوەش هەمان شتی وت.

سەرچاوەیەکی دیکە وتی ڕاستەوخۆ بەشداری لە ڕەوانەکردنەکەدا نەکردووە، بەڵام لە پەیوەندییدا بووە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە مەشقی تایبەتییان پێکراوە. وتی ئامانج لە ڕەوانەکردنی بەکرێگیراوەکان ئەوە بووە کە وەکو خۆی دەڵێت " ئەنجامدانی چالاکی تێکدەر کە سەقامگیری ئۆکرانیا بخاتە مەترسییەوە."

کۆماری گەلی دۆنتسک کە لە ساڵی 2014 دا دوای ئەوەی هێزەکانی جیاخوازەکان بەشێکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیان کۆنتڕۆڵکردن کرد، سەربەخۆیی خۆی لە ئۆکرانیا ڕاگەیاند، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە دانی پێدا نەنراوە، سەرۆک وەزیری پێشووی کۆماری گەلی دۆنتسک و سەرۆکی یەکێتی خۆبەخشانی دۆنباس ئالیکساندەر بۆرۆدای وتی ڕێکخراوەکەی دەستی نیە لە بەکرێگرتنی هیچ بەکرێگیراوێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

ئەندامانی ڕێکخراوەکە پێشتر لە ئۆکرانیا و سوریا شەڕییان کردووە.

بۆرۆدای کە یاسادانەرێکی حیزبی فەرمانڕەوای ڕوسی ڕوسیای یەکگرتووە، وتی " ئەگەر کاتێک پێویست بکات، پەیوەندی بە خەڵکەوە دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەوە نەبووە."

وتەبێژی جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئێدوارد باسورین وتی ئاگاداری هیچ شتێک نیە سەبارەت بە ڕەوانەکردنی بەڵێندەری ئاسایشی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

دەزگای هەواڵگری سەربازیی ئۆکرانیا و دەزگای ئاسایشی وڵاتەکە ڕەتیان کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG