شایەتحاڵان و تیمەکانی فریاکەوتن دەڵێن فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا گوند و شارۆچکەکانی نزیک شاری ئیدلبی باکووری ڕۆژئاوای سوریایان بۆردومان کردووە، بەهۆی بۆردومانەکانەوە لانیکەم نۆ هاوڵاتی مەدەنی و دەیان کەسی دیکە بریندار بوون، ئەمەش لە نوێترین توندوتیژییەکاندا لە دوایین ناوچەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.
گروپی فریاگوزاری خێرای وایت هێڵمێتس کە ڕۆژئاوا پشتیوانی لێدەکات وتی فڕۆکە جەنگییەکان لە بەرزاییەکی زۆرەوە فڕیون، ناوەندەکانی چاودێریکردنی فڕۆکەکان وتیان فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی ڕووسی بوون و بۆردومانی مارکێتێکییان کردووە لە جیسر ئەل شوغور، مارکێتەکە لەو کاتەدا قەرەباڵغ بووە و خەڵکەکە پێویستییان کڕیوە بۆ جەژنی قوربان، بەهۆی ئەو بۆردومانەوە لانیکەم نۆ کەس کوژراون و 30 کەسی دیکە بریندار بوون.
شایەتحاڵان و تیمەکانی فریاکەوتن وتیشیان فڕۆکە شەڕکەرەکان بۆردومانی گوندەکانی هەرێمی شاخاوی جەبەل ئەل زاوییە و ڕۆژئاوای قەراغ شاری ئیدلبییان کردووە.
تاوەکو ئێستا ڕووسیا و هاوپەیمانەکانی لە سوپای سوریا لێدوانییان لەسەر بۆردومانەکان نەداوە.
لە ماوەی هێرشەکانی پێشوویاندا، دیمەشق و ڕووسیا ئاماژەیان بەوە داوە تەنها ئامانجییان گروپە یاخیبووەکانە و ڕەتی دەکەنەوە هاوڵاتیانی مەدەنییان کردبێتە ئامانج.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز