هەزاران هاوڵاتی ڕووسی لە پراگ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ئاڵای سپی و شین - سپییان بەرزکردەوە کە بووەتە سیمبولی خۆپیشاندانەکانی دژ بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.
خۆپیشاندەران لەسەر وێنەیەکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن نوسیبوویان " بکوژ " و هاوارییان دەکرد " نا بۆ جەنگ "، خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی ئاشتی پراگەوە بەرەو ناوەڕاستی پایتەختەکەی چیک ڕۆیشتن. پۆلیس وتی نزیکەی 3000 کەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە.
خوێندکارێکی 19 ساڵ کە لەگەڵ باوکیدا بەشداری لە خۆپیشاندانەکاندا کرد وتی " ئێمە دژی پوتنین. هاوڕا نین لەگەڵ سیاسەتەکانیدا. ئەمە شێوازێکە بۆ ئەوەی بۆ جیهانی دەربخەین کە ئەوەی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات ڕاست نیە."
ڕووسیا داگیرکارییەکە لە ئۆکرانیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودێر دەکات و دەڵێت ئامانج لێی داماڵینی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و لەناوبردنی نەتەوە پەرستەکانی ئەو وڵاتەیە، ڕەتیشی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج. وڵاتانی ڕۆژئاواش دەڵێن ئەمە پاساوێکی بێ بنەمایە لەلایەن ڕووسیاوە تاوەکو داگیرکارییەکەی ئەنجام بدات.
45,000 ڕووسی لە کۆماری چیک دەژین، پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا نزیکەی 200,000 هاوڵاتی ئۆکرانیا لە کۆماری چیک دەژیان.
حکومەتی چیک دەڵێت نزیکەی 300,000 هاوڵاتی ئۆکرانی وڵاتی خۆیان جێهێشتووە و هەڵهاتوون بۆ چیک.
ڕێکخەری خۆپیشاندانەکان ئانتۆن لیتڤین وتی " ئەمە بۆ ئەوەیە پیشانی کۆماری چیک و گەلی چیکی بدەین کە ڕووسییەکان دژی پوتنن."
خۆپیشاندەران لە پراگ وتیان زۆرێک لە ڕووسیا هەمان هەستی ئێمەیان هەیە بەڵام ناتوانن دەریببڕن.
ئۆلیگ گۆلۆپیاتۆڤ کە پێشتر سەربازی ڕووسی بووە و ماوەی 15 ساڵە لە پراگ دەژی وتی " تەنها لەبەر ئەوەی کە ڕووسین مانای ئەوە نیە پشتیوانی لە جەنگ بکەین. ئێمە دژی جەنگین. ئۆکرانیا وڵاتێکی ئاساییە. ئەوەی لەوێ ڕوودەدات زۆر خراپە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز