Accessibility links

هێزەکانی ڕوسیا بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی هاوبەش دەگەنە بێلاڕوس


بێلاڕوس ڕایگەیاند هێزەکانی ڕوسیا گەیشتوونەتە وڵاتەکە، ئەوەش بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی هاوبەش کە لە مانگی دوودا دەست پێدەکات.

ئەم مەشقە سەربازییەی هێزەکانی ڕوسیا و بێلاڕوس لەکاتێکدایە گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و ڕۆژئاوا زیاتر بوون، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ڕوسیا زیاتر لە 100,000 سەربازی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە، بەم کارەشی ئەمەریکا و ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوای نیگەران کردووە و لەوە دەترسن مۆسکۆ پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت.

ڕوسیا ڕەتی دەکاتەوە پلانی داگیرکردنی ئۆکرانیای هەبێت، بەڵام سوودی لەم بابەتە وەرگرتووە تاوەکو ئەو داواکارییە ئاسایشییانەی هەیەتی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا جێبەجێ بکرێن، لەوانەش ڕاگرتنی فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژئاوا و ڕێگە نەدان بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتیەکە.

ڕابەری بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ وتی مەشقە سەربازییە هاوبەشەکان لە نزیک لێواری ڕۆژئاوادا ئەنجام دەدرێن، لەنزیک سنوورەکانی پۆڵەندا و لیتوانیا لە ڕۆژئاواوە و سنوورەکانی باشووری وڵاتەکە لەگەڵ ئۆکرانیادا.

لوکاشینکۆ بە فەرماندە سەربازییەکانی وڵاتەکەی وت " ڕێکەوتێکی تەواومان بۆ دیاریبکەن و پێمان بڵێنەوە، بۆ ئەوەی دواتر لۆمەمان نەکەن لەسەر ئەوەی لەناکاو هێزمان لەسەر سنوورەکان بڵاوکردۆتەوە وەکو ئەوەی ئامادەکاری بۆ جەنگ بکەین."

لوکاشینکۆ وتی مەشقە سەربازییەکان پێویستن بەهۆی ئەوەوە کە ئۆکرانیا هێزەکانی لەسەر سنووری بێلاڕوس زیادکردووە.

وتیشی پۆڵەندا و وڵاتانی باڵتیک زیاتر لە 30,000 سەربازییان لەنزیک سنوورەکانی بێلاڕوس جێگیرکردووە.

لوکاشینکۆ وتی " ئەمانە مەشقێکی ئاسایی دەبن بۆ داڕشتنی پلانێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هێزانە : هێزەکانی ڕۆژئاوا ( وڵاتانی باڵتیک و پۆڵەندا ) ، لە باشووریشەوە ( هێزەکانی ئۆکرانیا )."

لەلایەکی دیکەوە کرێملن وتی ئیستۆنیا ئامادەیە میوانداری زیاتر لە 5,000 سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات و ئەمەش سەلماندوویەتی بۆ ڕوسیا کە مافی خۆیەتی نیگەران بێت.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " شتی لەو جۆرەیە دەیسەلمێنێت کە مافی خۆمانە نیگەران بین و دەیسەلمێنێت کە ئێمە هۆکاری زیادبوونی گرژییەکان نین."

لەکاتێکیشدا پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدوانی بەرپرسێکی باڵای ڕوسیا سەبارەت بەوەی ئایا ڕوسیا موشەک لە کوبا یاخود ڤەنزوێلا جێگیر دەکات لەحاڵەتێکدا ئەگەر ڕۆژئاوا داواکارییەکانی ڕوسیا جێبەجێ نەکات، پێسکۆڤ وتی " لەسەر ئەمەریکای لاتین، ئێمە باس لە وڵاتانی خاوەن سەروەر دەکەین لەوێ، با ئەوەمان بیر نەچێت. لە چوارچێوەی بارودۆخی ئێستاشدا، ڕوسیا بیر لەوە دەکاتەوە چۆن دڵنیا ببێتەوە لە ئاسایشی خۆی، ئێمە تاوتوێی سیناریۆی جیاواز دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG