بەرپرسی ناوخۆ دەڵێن فڕۆکەیەکی شەڕکەری سو – 25 ی ڕووسیا کەوتۆتە ناو دەریای ئازۆڤەوە لە نزیک شارۆچکەی یەسک.
یەسک دەکەوێتە باڵی باکووری ڕۆژهەڵاتی دەریای ئازۆڤەوە، 25 کم لەو بەشەی هەرێمی دۆنێتسکەوە دوورە کە ڕووسیا داگیریکردووە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە نەتوانراوە پشتڕاست بکرێتەوە، فڕۆکەیەکی شەڕکەر بە نزمی بەسەر دەریاکەدا دەفڕێت و دواتر دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام فڕۆکەوانەکەی توانیویەتی پێش کەوتنە خوارەوەکە بە پەڕەشووت خۆی هەڵبداتە خوارەوە.
بەرپرسانی هەرێمی کراسنۆداری ڕووسیا وتییان فڕۆکەوانەکە لە دەریاکەدا هێندراوەتە دەرەوە، بەڵام دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسیا وتی فڕۆکەوانەکە گیانی لە دەستداوە.
لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا فڕۆکەیەکی شەڕکەری پێشکەوتووتری سو – 34 ی ڕووسیا لە یەسک بەسەر بینایەکی نیشتەجێبووندا کەوتە خوارەوە و بەهۆیەوە 14 کەس گیانییان لە دەستدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەرپرسانی ناوخۆ: فڕۆکەیەکی شەڕکەری ڕووسیا بەسەر دەریای ئازۆڤەوە دەکەوێتە خوارەوە