Accessibility links

ئەنجومەنێکی ڕووسیا ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوە دەبێتەوە دوای ئەوەی داوای کردووە پوتن لاببرێت


دمیتری پالیوگا
دمیتری پالیوگا

دوای ئەوەی کۆمەڵێک لە سیاسییەکانی ناوخۆی شاری سەینت پیتەرسبێرگ داوایان کرد سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لەسەر دەسەڵات لاببرێت بەهۆی جەنگەکەیەوە لە ئۆکرانیا، یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە وتی دوابەدوای بڕیاری دادوەرێک ئەنجومەنەکە ڕەنگە ڕووبەڕووی هەڵوەشاندنەوە ببێتەوە.

ئەندامی ئەنجومەنی شاری سەینت پیتەرسبێرگ نیکیتا یوفیریڤ گوتی دادوەرەکە بڕیاریداوە زنجیرەیەک لە کۆبوونەوەکانی ڕابردووی ئەنجومەنەکە نادروست بوون، ئەوەش ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکەدا لەلایەن فەرمانڕەوای هەرێمەکەوە.

ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنەکە، دمیتری پالیوگا گوتی هەمان دادگا بە بڕی 47,000 ڕوبڵ غەرامەی کردووە، ئەوەش بە تۆمەتی " ناوزڕاندنی " بەرپرسانەوە لەڕێی داواکردنەوە بۆ لابردنی پوتن.

چوار ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی ناوخۆی سمۆلنینسکۆ لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.

هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک ئەندامی ئەنجومەنەکە داوایان لە پەرلەمانی وڵاتەکە کرد پوتن بە تۆمەتی ناپاکیکردن لە دەوڵەت تۆمەتبار بکەن و دەسەڵاتی لێبسەننەوە، ئاماژەیان بە کۆمەڵێک هۆکاریشدا، لەوانەش شکستە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و زیان گەیاندن بە ئابووری ڕووسیا بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە.

ئەندامێکی دیکەی ئەنجومەنەکە وتی 65 نوێنەری شارەوانییەکانی سەینت پیتەرسبێرگ و مۆسکۆ و کۆمەڵێک هەرێمی دیکەوە داواکارییەکەی ڕۆژی دووشەممەیان واژۆ کردووە کە تیایدا داوا دەکرێت پوتن دەست لەکاربکێشێتەوە.

پالیوگا گوتیشی دەنگی ناڕەزاییەکان لە پوتن پێشبینی دەکرێت زیاتر ببن، ئەوەش دوای شکستەکانی ئەمدواییانەی سوپای ڕووسیا و گرتنەوەی دەیان شار و شارۆچکە لەلایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە لە هەرێمی خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

گوتی " بێگومان، ئەوەی لە ئێستادا ڕوودەدات بە شێوەیەکی سەرکەوتوو هاوکاتە لەگەڵ ئەجێنداکەی ئێمەدا. زۆرێک لەو کەسانەی کە پوتنییان بە دڵ بووە ئێستا هەست بەوە دەکەن ناپاکییان لەگەڵدا کراوە. پێم وایە هەتاوەکو سوپای ئۆکرانیا سەرکەوتووتر بێت، ئەو خەڵکانەش لە ناو ڕووسیادا زیاتر دەبن."

کسینیا ثۆرسترۆمی ئەندامی ئەنجومەنی سەینت پیتەرسبێرگ کە داواکەی ڕۆژی دووشەممەی بۆ دەست لەکارکێشانەوەی پوتن بڵاوکردەوە، وتی هێشتا زۆر زووە بزانرێت هەڵمەتەکە چۆن دەبێت.

ثۆرسترۆم بە ڕۆیتەرزی گوت " داواکردن بۆ دەست لەکارکێشانەوەی سیاسییەک بە دڵنیاییەوە شتێکی ئاساییە، هیچ تاوانێکی تێدا نیە."

گوتیشی " بێگومان مەترسییەکی دیاریکراو هەیە، بەڵام دەربڕینی هاوسۆزی بۆ هاوەڵەکانمان – ئەو سیاسییە سەربەخۆیانەی کە هێشتا لە ڕووسیادا ماونەتەوە، زۆر گرنگترە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG