Accessibility links

سوپای ڕوسیا لە سنوورەکانی ئۆکرانیا دەکشێتەوە


وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند ڕوسیا دەستیکردووە بە کشانەوەی هێزەکانی لە نزیک سنووری ئۆکرانیا، ئەمەش چەند هەفتەیەک دوای گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە زیادکردنی هێزەکانی ڕوسیا لە سەر سنووری ئۆکرانیا.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا وتی " یەکە سەربازییەکان لە ئێستادا بەرەو هێڵەکانی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانەکان دەجوڵێن تاوەکو لەڕێی فڕۆکە سەربازییەکانەوە بگوازرێنەوە."

ڕۆژی پێنجشەممە وەزیری بەرگری ڕوسیا سێرگەی شوەیگۆ وتی دەیان هەزاران لەو سەربازانەی کە لە باشوور و ڕۆژئاوای ڕوسیا بەدرێژایی چەند هەفتەی ڕابردوو بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقی سەربازی بڵاوکراونەتەوە بەرەو بنکەکانیان دەگەڕێنەوە.

جوڵەپێکردنی سەربازانی ڕوسی بۆ سنوورەکانی ئۆکرانیا لەکاتێکدایە سەرەتای ئەم ساڵ شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی ئۆکرانیا و جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت زیادییانکرد، ئەم هەنگاوەی ڕوسیا ئۆکرانیای نیگەران کرد و وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیای ناچار کرد هۆشیاری بدەنە مۆسکۆ.

هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئۆکرانیا پێشوازییان لە بڕیارەکەی ڕوسیا کرد بۆ کشانەوەی هێزەکان، هاوکات سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی جەختی لەوە کردەوە " کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازەکان لەسەر سنوورەکانمان بەشێوەیەکی گونجاو گرژییەکان کەم دەکاتەوە."

لەلای خۆشیەوە بەرپرسێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی " هەر کەمکردنەوەی گرژییەک لەلایەن ڕوسیاوە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت." وتیشی " هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ئامادەباشیدا دەبێت و بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی زیادبوونی بێ هۆکاری ژمارەی هێزەکانی ڕوسیا لە ناوخۆ و دەرەوەی ئۆکرانیادا."

چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی کۆتای هاتنی مەشقەکان، سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن جەختی لەوە کردەوە مۆسکۆ پێشوازی لە زیلینسکی دەکات هەر کاتێک بیەوێت تاوەکو تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بکەین، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا پێویستە لەسەر ئۆکرانیا تاوتوێی بابەتی زیادبوونی شەڕ و پێکدادانەکان بکات لەگەڵ ڕابەرانی جیاخوازەکاندا لەو دوو ناوچەیەی کە لە ئۆکرانیا جیابوونەتەوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG