Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت جۆری نوێی چەکی لەیزەر لە ئۆکرانیا بەکاردەهێنێت


ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا وتی جۆری نوێی بەهێزی چەکی لەیزەری لە ئۆکرانیا بەکارهێناوە بۆ سوتاندنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کۆمەڵێک چەکی نوێی ئاشکرا کرد، لەوانەش موشەکی نوێی کیشوەربڕ و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ژێر ئاو و موشەکی دەنگبڕ و چەکی نوێی لەیزەر.

زانیارییەکی کەم هەیە سەبارەت بە لەیزەرە نوێیەکان. پوتن باسی لە یەکێکیان کرد بە ناوی پێرێسڤێتەوە، چەکەکە بەناوی جەنگاوەرێکی ڕەبەنی ئۆرسۆدۆکس ئالیکساندەر پێرێسڤێتەوە ناونراوە کە لە شەڕێکدا کوژراوە.

جێگری سەرۆک وەزیری ڕووسیا یوری بۆریسۆڤ کە بەرپرسی گەشەپێدانی سوپای وڵاتەکەیە، لە کۆنفرانسێکدا لە مۆسکۆ وتی پێرێسڤێت بەشێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێندراوە و دەتوانێت لە دووری 1500 کیلۆمەتر لەسەروو زەوییەوە مانگە دەستکردەکان کوێر بکات.

وتیشی سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا چەکی بەهێزتری لە پێرێسڤێت هەیە، بەڵام ئەو چەکە دەتوانێت فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و کەلوپەلە سەربازییەکانی دیکە بسووتێنێت. بۆریسۆڤ باسی لە تاقیکردنەوەیەک کرد کە ڕۆژی سێشەممە ئەنجامدراوە و لە دووری 5 کیلۆمەترەوە لە پێنج چرکەدا پێرێسڤێت فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانێکی سووتاندووە.

بۆریسۆڤ وتی " ئەگەر پێرێسڤێت مانگە دەستکردەکان کوێر بکات ئەوا نەوەی نوێی چەکەکانی لەیزەر دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئامانجەکان و سوتاندنیان."

کاتێکیش پرسیاری لێکرا کە ئایا ئەو جۆرە چەکانە لە ئۆکرانیا بەکارهاتوون، بۆریسۆڤ وتی " بەڵێ، نموونەکانی یەکەمی چەکەکە لەوێ بەکارهاتوون." وتی چەکەکە ناوی " زادیرا "یە.

لێدوانەکانی بۆریسۆڤ ئاماژە بەوە دەدەن ڕووسیا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە لە پەرەپێدانی چەکی لەیزەردا.

بەکارهێنانی لەیزەر بۆ کوێرکردنی مانگە دەستکردەکان یاخود تەنانەت سوتاندنیشیان، ڕۆژێک لە ڕۆژان خەیاڵ بووە لە زانستدا، بەڵام زلهێزەکانی جیهان وەکو ئەمەریکا و چین و ڕووسیا چەند ساڵێکە کار لەسەر پەرەپێدانی جۆری جیاوازی ئەو چەکانە دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG