Accessibility links

دادگایەکی ڕووسیا ڕەتیکردەوە ئەمەریکایـیەک ئازادبکرێت


دادگایەکی ڕووسیا قایل نەبوو پۆڵ وێلان بە کەفالەت ئازادبکرێت کە سەربازێکی پـێشووی هێزی مارێنزی ئەمەریکا بووە و لە 28 ی مانگی دوازدەی 2018 لە مۆسکۆ دەستگیرکرا بە تاوانی سیخوڕی.

دیمیتری پـرۆنیاکین دادوەری دادگای لێفۆرتۆڤۆ ئەمڕۆ سێشەممە لە دانیشتنێکدا بە ئامادەبوونی پـۆڵ وێلانی تەمەن 48 ساڵ، گوتی داوای پارێزەر بۆ ئازادکردنی پـۆڵ بە کەفالەت قبوڵ نەکرا.

بەر دانیشتنی دادگا، ڤلادیمیر ژێرێبێنکۆڤ پارێزەری پـۆڵ بۆ میدیاکانی ڕاگەیاند کە پـێشبینی ناکات دادگا بڕیاری ئازادکردنی بدات، گوتی لە ڕووسیا وایە خەڵک بە دەستگیرکراوەیی دەهێڵنەوە.

شیکەرەوان دەڵێن پـێدەچێت دەسـتگیرکردنی پـۆڵ بە ئامانجی ئاڵوگۆڕکردنی بێت لەگەڵ ماریا بوتینا کە ژنێکی ڕووسیـیە و لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو لە واشنتنی پایتەخت لە لایەن دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدراڵی FBI دەستگیرکرا بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حکومەتی ڕووسیا.

دەیڤد وێلان برای پـۆڵ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە، دەڵێت بەبێ هیچ بەڵگەیەکی بەهێز براکەی دەستگیرکراوە، بۆیە داوا لە کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات کار بۆ ئازادکردنی بکەن.

XS
SM
MD
LG