Accessibility links

پـوتن: لە ئێستادا هیچ دیپـلۆماتکارێـکی ئەمەریکا دەرناکەین

  • VOA News

سەرۆکی ڕووسیا دەڵێت لە کاردانەوە بەرامبەر سزا نوێـیەکانی ئەمەریکا لە دژی وڵاتەکەی، لە ئێسـتادا بڕیار لەسەر هیچ کاردانەوەیەک لە دژی ئەمەریکا نادات، بەڵکو چاوەڕێی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا دەکات.

ڤلادیمیر پـوتن ئەمڕۆ هەینی ئەمەی ڕاگەیاند پاش ئەوەی سێرگێی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە داوای لێکرد فەرمان بدات بە دەرکردنی 35 دیپـلۆماتکاری ئەمەریکا و هەروەها بڕیاریش بدات ڕێگە نەدرێت باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ دوو ناوەندی خۆی بەکاربهێنێت.

پـوتن گوتی ڕووسیا مافی خۆیەتی لە هەر کات و شوێنێـکدا وەڵامدانەوەی گونجاوی لە بەرامبەر سزاکانی ئەمەریکا هەبێت. گوتیشی هیچ دیپـلۆماتکارێـکی ئەمەریکایی دەرناکەن، بەڵکو چاوەڕێی هەنگاوەکانی بەڕێوەبەرایەتی نوێی ئەمەریکا دەکەن کە لە مانگی داهاتوو بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دەسـتبەکاردەبێت، ئەمەش تاوەکو بڕیار لەسەر ئایندەی پەیوەندیـیەکان لەگەڵ واشنتن بدات.

جێی ئاماژەیە لاڤرۆڤ پـێشنیاری کردبوو 31 دیپـلۆماتکاری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ و 4 دیپـلۆماتکار لە کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە شاری سان پیتەرسبێرگ دەربکرێن.

دوێنێ پـێنجشەممە بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک ئۆباما بڕیاری دا 35 دیپـلۆماتکاری ڕووسیا دەربکرێن و ماوەی 72 کاژمێر مۆڵەتیان بدرێتێ هەتا وڵاتەکە جێبهێڵن، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر گێچەڵکردن بە دیپـلۆماتکارانی ئەمەریکا لە ڕووسیا و هەروەها ئەو هاککردنانەی کرانە سەر کۆمپـیوتەرەکانی دیموکراتەکان لە میانەی هەڵبژاردنەکاندا.

XS
SM
MD
LG