Accessibility links

ڕاپۆرتەکان: ئەمەریکا دەڵێت ڕووسیا تەقەمەنی تۆپهاوێژ لە کۆریای باکوور دەکڕێت


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەداوە مۆسکۆ ملیۆنان تەقەمەنی تۆپهاوێژەکان و موشەک لە کۆریای باکوور دەکڕێت، ئەمەش لەنێوەندی ئەو هەواڵانەدا کە ئاماژە بەوە دەدەن ڕووسیا دەستیکردووە بە بەکارهێنانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوەکانی ئێران.

بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن دەتوانن هەواڵەکەی نیویۆرک تایمز پشتڕاست بکەنەوە و کڕینی کەلوپەلی سەربازیی لەلایەن ڕووسیاوە لە کۆریای باکوور پێشبینی کراو بووە.

بەرپرسەکەی ئەمەریکا گوتی " وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە پڕۆسەی کڕینی ملیۆنان موشەک و تەقەمەنی تۆپهاوێژەکاندایە لە کۆریای باکوور، تاوەکو لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا لە ئۆکرانیا بەکارییان بهێنێت."

گوتیشی ئەم کڕینە ئاماژەیە لەسەر ئەوەی " سوپای ڕووسیا بەردەوام ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی پێویستییەکانی دەىێتەوە لە ئۆکرانیا، بەشێکی بەهۆی سزاکان و قەدەغەکردنی هەناردەکانەوەیە."

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت گوتی " پێشبینی دەکەین ڕووسیا هەوڵ بدات کەلوپەلی سەربازیی دیکەی کۆریای باکوور بکڕێت."

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی حکومەتی ئەمەریکاوە بڵاویکردەوە کڕینەکان دەریانخستووە کە سزاکانی سەر ڕووسیا کە ئەمەریکا ڕابەرایەتییان دەکات خەریکە کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی تواناکانی ڕووسیا بۆ بەردەوامیدان بە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیادا، کە ڕووسیا بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات.

لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا هاتووە دەڵێت زانیارییە هەواڵگرییەکە هیچ وردەکارییەکی نەداوە لەسەر ئەوەی بەدیاریکراوی چی کڕاوە، هەر ئەوەندە ئاماژەی بەوەداوە ئەو کەلوپەلانەی کڕاون تەقەمەنی تۆپهاوێژ و موشەک بوون.

مانگی ڕابردوو بەرپرسێکی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزی گوت ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییانەی کە ڕووسیا کڕیونی " کێشەی زۆرییان " هەبووە. وتیشی ئەگەری هەیە ڕووسیا پلانی ئەوەی هەبێت سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی موهاجیر 6 و شاهید – سیریس لە ئێران بکڕێت.

بەرپرسان دەڵێن سزاکانی ڕۆژئاوا بۆ سەر ڕووسیا تواناکانی مۆسکۆی بۆ دابینکردنی جێگرەوەی ئەو ئوتومبێل و چەکانە سنووردار بکات کە لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا لە ناوچوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG