وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵیانداوە لەڕێی ئەنجامدانی هێرشێکەوە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا بگرن.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی زیاتر لە 250 سەربازی هێزی دەریایی ئۆکرانیا هەوڵیانداوە لە کەناراوەکانی دەریاچەیەکی نزیک وێستگەی زاپۆریژا دابەزن کە دەکەوێتە باشووری ئۆکرانیاوە.
وەزارەتەکە وتی " سەرەڕای بوونی نوێنەرانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا، ڕژێمەکەی کیێڤ جارێکی دیکە هەوڵیدا وێستگەکە بگرێتەوە."
ڕووسیا دەڵێت لەڕێی کۆپتەر و فڕۆکە شەڕکەرەکانەوە هێرشی ئاسمانییان دژی هێزەکانی ئۆکرانیا ئەنجامداوە و هێرشەکەیان پوچەڵ کردۆتەوە، وتیشی 20 کەشتی ئۆکرانیا لەناوچووە و ئەوانی دیکەش بڵاوبوونەتەوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی هێرشەکەیان کردووە.
ڕۆیتەرز نەیتوانیوە ئەو هەواڵە پشتڕاست بکاتەوە.
کیێڤ و مۆسکۆ یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر وێستگەکە کە گەورەترین وێستگەی ناوەکییە لە ئەوروپادا.
لە مانگی سێدا هێزەکانی ڕووسیا کۆنتڕۆڵی وێستگەکەیان کرد کە دەکەوێتە باشووری ئۆکرانیاوە، بەڵام وێستگەکە هێشتا پەیوەستە بە سیستمی کارەبای ئۆکرانیاوە و لەلایەن کارمەندان و ئەندازیارانی ئۆکرانیاوە بەڕێوەدەبرێت.
لەم هەفتەیەدا و لەنێوەندی ترس و نیگەرانییەکاندا سەبارەت بە ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی ئەتۆمی هاوشێوەی کارەساتەکەی چێرنۆبیڵ، دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ئەرکێکی لە وێستگەکەدا دەستپێکرد، کە ئامانج لێی هەڵسەنگاندنی پارێزراوی و ئاسایشی وێستگەکەیە.
ڕووسیا و ئۆکرانیا دەڵێن ئێستا بارودۆخەکە زۆر خراپە و مەترسی کەوتنەوەی کارەساتی ئەتۆمی هەیە. ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا وێستگەکەی وەکو بنکەیەکی سەربازیی بەکارهێناوە بۆ هەڵگرتنی چەکە قورسەکانی.
ڕۆژی هەینی وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ ڕەتی کردەوە ڕووسیا چەکی قورسی لە ناو وێستگەکە یاخود لە دەوروبەری وێستگەکەدا جێگیر کردبێت، هەروەها ئۆکرانیای بە تۆمەتی " تیرۆری ئەتۆمی " تۆمەتبار کرد.
بەرپرسێکی سەر بە ڕووسیا لە هەرێمی زاپۆریژای داگیرکراو وتی بەیانی ڕۆژی شەممە بارودۆخەکە لە وێستگەکە ئارام بووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز