Accessibility links

هاوپەیمانێکی پوتن دەڵێت پێدانی چەکی نوێ لەلایەن ڕۆژئاوەوە بە کیێڤ جیهان بەرەو کارەسات دەبات


 ڤیاچیسلاڤ ڤۆلۆدین
ڤیاچیسلاڤ ڤۆلۆدین

ڕۆژی یەکشەممە هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی پێدانی چەکی هێرشکردن بە کیێڤ هەڕەشە بۆ سەر ناوچەکانی ڕووسیا دروست دەکات و جیهان بەرەو کارەساتێک دەبات و وادەکات ئەو قسانەی دژی بەکارهێنانی چەکی کۆمەڵکوژ دەکرێن بەردەوام نەبن.

سەرۆکی پەرلەمانی دومای ڕووسیا ڤیاچیسلاڤ ڤۆلۆدین هۆشداریدا و وتی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا و ناتۆ بۆ ئۆکرانیا جیهان بەرەو " جەنگێکی زۆر خراپ " دەبەن.

ڤۆلۆدین وتی " ئەگەر واشنتن و وڵاتانی ناتۆ بەردەوام بن لە پێدانی چەک و ئەو چەکانەش بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانی هاووڵاتیانی مەدەنی و وەکو هەوڵێک بۆ داگیرکردنی خاکەکانمان بەکاربهێندرێن، لە کاتێکدا کە هەڕەشەیان لەسەرە، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ڕێوشوێنی تۆڵەکردنەوە بگرینەبەر، ئەوەش لە ڕێی چەکی بەهێزەوە."

وتیشی " ئەو قسانەی دەکرێن لەسەر ئەوەی ئەو وڵاتانەی خاوەن چەکی ئەتۆمن پێشتر چەکی کۆمەڵکوژییان لە جەنگە ناوخۆییەکاندا بەکارنەهێناوە، ناتوانرێت بەردەوام بن. چونکە ئەو وڵاتانە ڕووبەڕووی دۆخێک نەبوونەتەوە کە مەترسی لەسەر ئاسایشی دانیشتوانییان یاخود سەروەری خاکەکەیان دروست بووبێت."

هەفتەی ڕابردوو وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵێنیاندا ملیاران دۆلار بۆ یارمەتی ئۆکرانیا لە ڕووی سەربازییەوە دابین بکەن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی شکستیان هێنا لەوەدا ئەڵمانیا ڕازی بکەن گواستنەوەی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات. زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناتۆ تانکی لیۆپاردییان هەیە و هەندێکیان ئارەزوو دەکەن ئەو تانکانە بدەن بە ئۆکرانیا، بەڵام گواستنەوەیان پێویستی بە ڕەزامەندی ئەڵمانیا هەیە.

ڤۆلۆدین وتیشی " پێدانی چەکی هێرشکردن بە ڕژێمەکەی کیێڤ جیهان بەرەو کارەسات دەبات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG