Accessibility links

مێدڤیدیڤی هاوپەیمانی پوتن هۆشداری دەداتە ناتۆ لەسەر هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی ئەگەر ڕووسیا لە ئۆکرانیا شکست بهێنێت


جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ

سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ کە هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنە، هۆشداریدایە هاوپەیمانێتی ناتۆ و وتی ئەگەر ڕووسیا لە ئۆکرانیا شکست بهێنێت ئەوا ڕەنگە ئەوە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی.

مێدڤیدیڤ کە ئێستا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاساشی ڕووسیایە وتی " شکستی وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم لە جەنگێکی ئاساییدا ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمی."

مێدڤیدیڤ وتی " هیچ وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆم هەرگیز لە ململانێیەکی گەورەدا شکستیان نەهێناوە کە چارەنووسیان بەند بووبێت پێوەیەوە."

وتیشی وەزیرانی بەرگری ناتۆ و وڵاتانی دیکە کە ڕۆژی هەینی لە بنکەی ئاسمانی ڕامستینی ئەڵمانیا کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی ستراتیژیی و پشتیوانییەکان لە هەوڵەکانی ڕۆژئاوا بۆ شکست پێهێنان بە ڕووسیا لە ئۆکرانیا، دەبێت بیر لە مەترسی سیاسەتەکەیان بکەنەوە.

ڕووسیا و ئەمەریکا تاوەکو ئێستا زۆرترین چەکی ئەتۆمییان هەیە، پێکەوە لە سەدا 90 ی کڵاوە ئەتۆمییەکانی جیهانییان هەیە. دوایین بڕیار لەلای پوتنە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی.

لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، مێدڤیدیڤ چەند جارێک باسی لە هەڕەشەی ئەتۆمی کردووە. بەپێی فیدراسیۆنی زانایانی ئەمەریکا، ڕووسیا 5,977 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، ئەمەریکا 5,428 کڵاوەی ئەتۆمی هەیە، چین 350 و فەڕەنسا 290 و بەڕیتانیا 225 کڵاوەی ئەتۆمییان هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG