Accessibility links

تورکیا: هەفتەی داهاتوو ڕێکەوتن لەسەر هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا واژۆ دەکرێت


بڕیارە ڕووسیا و تورکیا و ئۆکرانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەفتەی داهاتوو ڕێکەوتنێک واژۆ بکەن کە بەپێی ڕێکەوتنەکە هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە بەندەرەکانی دەریای ڕەشەوە بۆ جیهان دەستپێدەکاتەوە، بەڵام سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش هۆشداریدا و وتی هێشتا " ڕێگەیەکی دوورودرێژ ماوە " لەبەردەم گفتوگۆکانی ئاشتیدا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

وەزیری بەرگری تورکیا خوڵوسی ئاکار وتی ئەو ڕێکەوتنەی کە هەفتەی داهاتوو واژۆ دەکرێت، تیایدا باس لەوە دەکات دەبێت بە هاوبەشی پشکنین بۆ بارەکان بکرێت لە بەندەرەکاندا، تورکیاش دڵنیایی دەدات لەسەر پارێزراوی ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی گەنمەکە لە دەریای ڕەشدا. تورکیا هاریکارییەک لەگەڵ ئۆکرانیا و ڕووسیا و نەتەوە یەکگرتووەکاندا دروست دەکات، ئەوەش بۆ هەناردەکردنی گەنمەکە.

گۆتیرێش وریایانەتر قسەی کرد و بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بە هیوای ئەوەی بتوانین هەفتەی داهاتوو کۆتا ڕێکەوتن واژۆ بکەین، من گەشبینم بەڵام هێشتا کارەکە بەتەواوەتی نەکراوە."

گۆتیرێش وتی " هەنگاوێکی گرنگمان بینیوە بۆ پێشەوە، ئێستا کاری تەکنیکی زیاتر پێویستن بۆ بەرجەستەکردنی بەرەوپێشچوونەکانی ئەمڕۆ."

سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاش، گۆتیرێش وتی " بەڵام بۆ ئاشتی هێشتا ڕێگەیەکی زۆر دوورودرێژمان لەبەردەمدا ماوە."

بەرپرسێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی زۆربەی ئەو خاڵانەی کە ناکۆکییان لەسەر بووە سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەشەوە چارەسەر کراون، وتیشی گفتوگۆکان لە ئیستانبوڵ " پێشکەوتنێکی گرنگ " بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG