Accessibility links

کرێملن دەڵێت ڕەنگە ڕۆژی سێشەممە گفتوگۆکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە تورکیا بەڕێوەبچن


وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ

کرێملن وتی گفتوگۆکانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕەنگە ڕۆژی سێشەممە لە تورکیا بەڕێوەبچن، وتیشی گرنگە گفتوگۆکان ڕووبەڕوو ئەنجام بدرێن، ئاماژەشی بەوەدا تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئیستانبوڵ میوانداری گفتوگۆکان بکات، ئەنقەرەش هیوادارە گفتوگۆکان ببنە هۆی ئاگربەست لە ئۆکرانیادا.

تورکیا وتی ڕەنگە گفتوگۆکان ڕۆژی دووشەممە دەست پێبکەن، بەڵام وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی پێناچێت ئەوە ڕووبدات چونکە شاندەکان ڕۆژی دووشەممە دەگەنە تورکیا.

پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " لەکاتێکدا ناتوانین قسە لەسەر بەرەوپێشچوونەکان بکەین لە گفتوگۆکاندا و قسەشی لەسەر ناکەین، ئەو ڕاستییەی کە گفتوگۆکان بەردەوام ڕووبەڕوو ئەنجام دەدرێن، گرنگە."

وتی " پەێڕەوی ئەو سیاسەتە دەکەین کە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە گفتوگۆکان ئاشکرا نەکەین، کە پێمان وایە ئاشکراکردنیان تەنها زیان بە پڕۆسەی گفتوگۆکان دەگەیەنێت."

پێسکۆڤ وتی هیچ بەرەو پێشچوونێکی گەورە لە گفتوگۆکاندا ڕووینەداوە، یاخود هیچ بەرەو پێشچوونێک ڕووینەداوە لەسەر ئەگەری کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی.

وتی " بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ دەستکەوتێک یاخود ئەنجامێکی یەکلاکەرەوەمان لە گفتوگۆکانەوە نەبینیوە."

لە لێدوانێکی جیادا، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وتی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ڕووسیا و سەرۆکی ئۆکرانیا لەم کاتەدا هیچ سوودێکی نابێت. وتی تەنها لەکاتێکدا پێویستە کۆببنەوە کاتێک بەرەو پێشچوون هەبێت لە گفتوگۆکاندا.

لاڤرۆڤ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگایەکی ڕاگەیاندنی سڕبیدا وتی " هەرکاتێک نزیک بووینەوە لە چارەسەرکردنی کێشە گەورەکان، ئەو کاتە کۆبوونەوەی نێوان پوتن و زێلێنسکی پێویستە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG