Accessibility links

ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکتر بە بەرپرس دادەنێن لە چەق بەستوویی گفتوگۆکاندا


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

ڕۆژی چوارشەممە کرێملن وتی ئۆکرانیا هیچ ئارەزوویەکی پیشان نەداوە بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی ئاشتی، بەڵام بەرپرسانی ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی چەق بەستوویی گفتوگۆکانیان خستە ئەستۆی ڕووسیا.

دوایین گفتوگۆی ڕاستەوخۆی ئاشکرای نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە 29 ی مانگی سێدا بوو. بەرپرسان دەڵێن پەیوەندییەکان لە دوورەوە بەردەوام بوون، بەڵام ڕۆژی سێشەممە هەردوولا وتیان گفتوگۆکان چەقیان بەستووە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕۆژی چوارشەممە وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی " گفتوگۆکان بەرەوپێشەوە ناڕۆن و تێبینی ئەوەمان کردووە دانوستکارانی ئۆکرانیا هیچ ئارەزووییەکیان نیە بۆ بەردەوامیدان بەم پڕۆسەیە."

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسی لە زاری جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئاندرێی ڕودینکۆوە بڵاویکردەوە ڕووسیا و ئۆکرانیا " بە هیچ شێوازێک " گفتوگۆ ناکەن و کیێڤ " بەشێوەیەکی کرداریی لە پڕۆسەی گفتوگۆکان کشاوەتەوە ".

لەلایەکی دیکەوە ڕاوێژکاری وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا ئانتۆن گیراشچینکۆ بەرپرسیارێتی بارودۆخەکەی خستە ئەستۆی ڕووسیا.

گیراشچینکۆ وتی " پوتن ئامادە نیە گفتوگۆ بکات. تەنها دەرفەت بۆ ئاشتی لەناوچوونی داگیرکەرە ڕووسییەکانە. لەکاتێکدا کە ئامادە دەبن بۆ قبوڵکردنی شکستەکەیان، پێم وایە لە چەند هەفتەیەکدا ئەوە ڕوودەدات."

هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دووبارە جەختی لە داواکەی کردەوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا، بەڵام ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک ڕۆژی سێشەممە وتی " گفتوگۆکان ڕاگیراون."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG