Accessibility links

ڕووسیا پێشنیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ڕێککەوتنی دانەوێڵە ڕەت دەکاتەوە

ڕۆژی شەممە ڕووسیا ڕایگەیاند سوورە لەسەر مەرجەکانی بۆ گەڕانەوەی بۆ سەر ڕێککەوتنی دانەوێڵە کە لە مانگی حەوتدا لێی کشایەوە.

دمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملن وتی ڕووسیا پێویستی بە بانکی کشتوکاڵی وڵاتەکەیە، نەوەک تەنها لقێکی بانکەکە کەنەتەوە یەکگرتوەکان پێشنیار ی کردووە.

یەکێک لە مەرجەکانی ڕووسیا بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە دەریای ڕەشدا، دووبارە بەستنەوەی بانکی کشتوکاڵی "ڕۆزیلخۆز" بووە بە سیستەمی پارەدانی سویفت. ساڵی ڕابردوو یەکێتی ئەوروپا پەیوەندی سیستەمی بانکی ڕووسیای بە سویفتەوە پچڕاند.

نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاری ئەوەی کردووە لقی بانکی ڕۆزیلخۆز لە وڵاتی لۆکسۆمبۆرگ دەتوانێت دەستبەجێ داوای سیستمی سویفت بکات "تاوەکو دەستبەجێ ئەو لقەی بانکەکە دەستی بگات بە سیستمەکە ".

پێسکۆڤ وتی "هەمووان بە باشی مەرجەکانمان دەزانن. پێویستییان بە لێکدانەوە نیە، مەرجەکان بە تەواوەتی ڕوونن و هەموو ئەمانەش بە تەواوەتی دەکرێت بکرێن."

وتیشی " لەبەرئەوە ڕووسیا هەڵوێستە بەرپرس و ڕوون و بەردەوامەکەی دەپارێزێت، کە چەندین جار لەلایەن سەرۆکەوە باسی لێوەکراوە."

ڕێککەوتنی دانەوێڵەی دەریای ڕەش لە مانگی حەوتی ساڵی 2022 دا لەلایەن تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکانەوە نێوەندگری تێدا کرا، ڕێککەوتنەکە ڕێگەیدا بە ئۆکرانیا تاوەکو دانەوێڵەکەی لە ڕێی دەریای ڕەشەوە ڕەوانەی دەرەوە بکات و یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراک لە جیهاندا، ئەمەش سەرەڕای جەنگەکەی ناو وڵاتەکە.

دوابەدوای ڕێککەوتنەکە، ڕێککەوتنێکی دیکە واژۆ کرا بۆ کارئاسانیکردن بۆ هەناردەکردنی خۆراک و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ڕووسیا بۆ دەرەوە، مۆسکۆ دەڵێت ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ نەکراوە. لە دوای ئەوەی لە ڕێککەوتنی دانەوێڵە کشایەوە، ڕووسیا چەندین جار بۆردومانی بەندەرەکانی ئۆکرانیا و کۆگاکانی دانەوێڵە کردووە، ئەوەش کیێڤ و ڕۆژئاوای ناچار کردووە تۆمەتباری بکەن بە تۆمەتی بەکارهێنانی خۆراک وەکو چەک.

جەخت کردنەوە لە هەڵوێستەکەی و سووربوونی لەسەر مەرجەکان لەلایەن مۆسکۆوە، پێنج ڕۆژ دوای ئەوە هات سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لەگەڵ سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغاندا کۆبووەوە و تاوتوێی پرسی دانەوێڵەیان کرد.

وادەردەکەوێت ڕووسیا پشت ئەستوور بووبێت بە بەیاننامەکەی ئەردۆغانەوە لەسەر کۆبوونەوەکە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە ئۆکرانیا " دەبێت " نەرم " بێت لە گفتوگۆکانیدا بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە و دانەوێڵەی زیاتر هەناردەی ئەفریقا بکات نەک ئەوروپا.

ڕووسیا دەڵێت هەناردەکردنی دانەوێڵە و بەرهەمە خۆراکییەکانی دیکەی، کە لەلایەن ڕۆژئاواوە سزایان بەسەردا نەسەپێندراوە، ڕووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە، بە تایبەتی بەهۆی ئەو سزایانەوە کە کارییان کردووەتە سەر دەستڕاگەیشتن بە بەندەرەکان و بیمەی دڵنیایی و پێویستییەکان و پارەدان، بە لابردنی بانکی کشتوکاڵی ڕۆزیلخۆزیشەوە لە سیستمی سویفت، کە بانکێکی ڕووسیاییە.


پێسکۆڤ وتی " ڕێککەوتنەکان دەڵێن سیستمی سویفت دەبێت بۆ بانکی ڕۆزیلخۆز کراوە بێت، نەک لقێکی بانکەکە. ئێمە باس لە پێویستییەکان دەکەین بۆ گەڕانەوە بۆ شتە سەرەتاییەکان، بۆ ئەو ڕێککەوتنانەی کە سەرەتا واژۆ کراون و بەڵێنمان پێدراوە جێبەجێ بکرێن."

وتی " سەرۆک بە ڕوونی وتی هەر کاتێک ڕێککەوتنەکان جێبەجێ کران، ئەوا دەستبەجێ ڕێککەوتنی دانەوێڵە دەست پێدەکاتەوە. نەک بە پێچەوانەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG