Accessibility links

ڕووسیا: کۆپتەرەکانی ئۆکرانیا هێرشیان کردۆتەسەر شوێنی دانیشتووان لە شاری بریانسکی ڕووسیا


بریانسک
بریانسک

بەرپرسانی ڕووسیا وتیان کۆپتەرەکانی ئۆکرانیا بیناکانی نیشتەجێبوونییان لە شاری بریانسکی ڕووسیا کردۆتە ئامانج و بەهۆیەوە حەوت کەس برینداربوون.

فەرمانڕەوای شاری بێلگۆرۆدی ڕووسیا وتی گوندەکانیش لەوێ هێرشییان کراوەتەسەر و کەسێک برینداربووە.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر بابەتەکە بدات، وەزارەتەکە پێشتریش هیچ لێدوانێکی نەدا لەسەر هێرشەکەی مانگی ڕابردووی سەر خەزانێکی سوتەمەنی لە شاری بێلگۆرۆدی ڕووسیا.

ناوەندی حکومەتی ئۆکرانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زانیاری ناڕاست هەواڵگری ڕووسیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی " جێبەجێکردنی پلانێک بۆ ئەنجامدانی کردەوەیەکی تیرۆریستی بۆ ئەوەی هستریای دژە ئۆکرانیا بخاتەوە لە ڕووسیادا."

هەروەها ئاماژەی بە بوونی دوو هێرشدا لە شاری بریانسکی ڕۆژئاوای ڕووسیا بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نەدا لەسەر هێرشی ئاسمانی.

لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە 14 ی مانگی چواردا لەڕێی بەکارهێنانی دوو فڕۆکەی کۆپتەرەوە کە چەکی هێرشکردنیان پێبووە، هێزەکانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە ئاسمانی فیدراسیۆنی ڕووسیاوە."

وتیشی " کۆپتەرەکان بە نزمی فڕیون و لانی کەم شەش هێرشی ئاسمانییان کردۆتەسەر بیناکانی نیشتەجێبوون لە گوندی کلیمۆڤۆ." وتی شەش بینا زیانییان بەرکەوتووە و حەوت کەسیش برینداربوون.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی ڕووسیاوە بڵاویکردەوە دوو کەس لە بریندارەکان برینەکانیان سەختە.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی وتی بەرپرسانی شاری بریانسک لە ترسی هێرشی ئاسمانی زیاتر قوتابخانەکانیان داخستووە.

ڕۆژی چوارشەممە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی بەردەوامبوونی " کارە تێکدەرەکان و هێرشەکان " لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا وەکو تۆڵەیەک هێرش بکاتە سەر کیێڤی پایتەخت.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " ئەگەر ئەم ڕووداوانە بەردەوام بن ئەوا هێزە چەکدارەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا هێرش دەکەنە سەر ئەو ناوەندانەی کە بڕیارەکانیان لێوە دەردەچێت، لەوانەش کیێڤ کە تاوەکو ئێستا سوپای ڕووسیا خۆی لێ بەدوورگرتووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG