ڕووسیا دەڵێت ڕۆژی شەممە هێزە سەربازییەکانی ڕێگرییان لە هەوڵێکی ئۆکرانیا کردووە بۆ دزەکردنە ناو هێڵەکانی کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ڕووسیاوە لە هەرێمی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " سەرجەم هێرشەکان بەرپەرچ دراونەتەوە، دوژمن دوورخرایەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە لێوەی هاتبوون." وتیشی هێرشەکەی ئۆکرانیا بەرەو نیشتەجێیەکانی پیاتیخاتکی و سوهانۆڤ و سابلوکیڤکا و بێزڤۆدن ئەنجام دران کە دەکەونە بەشی ڕۆژئاوای ڕووباری دنیپرۆوە.
وەزارەتەکە وتیشی هێزەکانی ڕووسیا بە هەمان شێوە لە هەرێمەکانی لوهانسک و دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش بەرپەرچی هێرشەکانی هێزەکانی ئۆکرانیایان داوەتەوە.
هێزەکانی ڕووسیا لە هەرێمی خێرسۆن ڕووبەڕووی فشاری هێزەکانی ئۆکرانیا بوونەتەوە و ئامادەکاری دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی گەورەی ئۆکرانییەکان بۆ گرتنەوەی هەرێمی خێرسۆن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز