Accessibility links

فەرماندە باڵاکانی ڕووسیا بە مەبەستی مەشقە سەربازییەکان دەگەنە بێلاڕووس


تانکەکانی ڕووسیا و بێلاڕووس
تانکەکانی ڕووسیا و بێلاڕووس

فەرماندە باڵاکانی ڕووسیا گەیشتنە بێلاڕووس، ئەمەش بەمەبەستی سەرپەرشتیکردنی ئەو 30,000 سەربازە ڕووسییەی کە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ مەشقێکی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی بێلاڕووسدا ئەنجام دەدەن.

ڕووسیا دوو فەوج و سیستمی بەرگری موشەکی ئێس – 400 و کۆمەڵێک فڕۆکەی جەنگی بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەشقەکاندا ڕەوانەی بێلاڕووس کردووە، سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا جەنەڕاڵ ڤالێری گیراسیمۆڤیش سەرکردایەتی مەشقەکان دەکات کە ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکەن.

مەشقە سەربازییەکان لە بێلاڕووس نوێترین هەڕەشەکانی سەر ئۆکرانیا، مۆسکۆ کەشتی جەنگیشی ڕەوانەی دەریای ڕەش کردووە و زیاتر لە 100,000 سەربازیشی لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا جێگیرکردووە.

هاوکات حکومەتی ئۆکرانیاش مەشقێکی سەربازیی ڕاگەیاند کە 10 ڕۆژ دەخایەنێت و بە هەمان شێوە ڕۆژی پێنجشەممە دەستپێدەکات، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی دژە تانک بەشداری لە مەشقەکاندا دەکەن.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی ڕووسیا بەمەبەستی " ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەمنییە بێپێشینەکانی سەر وڵاتەکەی " مەشقی سەربازیی لەگەڵ بێلاڕووسدا ئەنجام دەدات.

پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕووسیا و بێلاڕووس ڕووبەڕووی هەڕەشەی بێپێشینە بوونەتەوە، بەداخەوە سروشتی هەڕەشەکان زۆر لە هەڕەشەکانی پێشوو مەترسیدارترن."

وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕووسیا لە سەدا 70 ی هێزە شەڕکەرەکانی ئامادەن بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتنیش ڕەتی دەکاتەوە پلانی هێرشکردنە سەر ئەو وڵاتەی هەبێت، بەڵام داوای لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کردووە هەرگیز ڕێگە نەدەن ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتیەکەدا، هەروەها داوایکردووە ناتۆ هێز و چەکەکانی لەنزیک سنوورەکانی ڕووسیا بکشێنێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG