ڕۆژی پێنجشەممە فینلەندا ڕایگەیاند وڵاتەکە " بەبێ دواکەوتن " داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ دەکات، پێشبینی دەکرێت سویدیش هەمان شت بکات.
سوید و فینلەندا لە جەنگی سارد و دوای ئەوەشەوە نەچوونەتە پاڵ هیچ هاوپەیمانێتییەکی سەربازییەوە و بە بێلایەنی ماونەتەوە، بڕیاری دەستبەرداربوون لەو سیاسەتە دەبێتە گەورەترین گۆڕانکاری لە ئاسایشی ئەوروپادا. مۆسکۆ دەڵێت ڕاگەیاندنەکەی فینلەندا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ڕووسیا و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد، لەوانەش " ڕێوشوێنێکی تەکنیکی سەربازیی " دیارینەکراو.
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ وتی فینلەندییەکان " بە گەرمی پێشوازییان لێدەکرێت " و بەڵێنیدا پڕۆسەی بوون بە ئەندامی لە هاوپەیمانێتیەکەدا " خێرا " بێت.
سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن وتی بەتەواوەتی پشتیوانی لە بژاردەی فینلەندا دەکات بۆ هاتنە پاڵ هاوپەیمانێتییەکە.
سنوورە 1800 کیلۆمەترییەکەی فینلەندا لەگەڵ ڕووسیا دوو هێندەی درێژی سنووری نێوان وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕووسیایە، ئەمەش وادەکات پاسەوانەکانی ناتۆ چەند کاتژمێرێکی کەم دوور بن لە شاری سەینت پیتەرسبێرگی ڕووسیاوە.
سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ و سەرۆک وەزیری فینلەندا سانا مارین وتیان " دەبێت فینلەندا بەبێ دواکەوتن داوای چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات."
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی مۆسکۆ ناچار دەبێت " ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوە بگرێتەبەر، لەڕووی سەربازیی تەکنیکی و ئەوانی دیکەشەوە." بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا. لە ڕابردوودا بەرپرسانی ڕووسیا باسیان لە وەڵامی وڵاتەکەیان کردووە لە حاڵەتێکدا ئەگەر فینلەندا بچێتە پاڵ ناتۆوە، لەوانەش جێگیرکردنی موشەکی ناوەکی لە دەریای باڵتیکدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز