Accessibility links

ڕووسیا فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی سوریا دەکات


فڕۆکەی شەڕکەری میگ-31 ی ڕووسی
فڕۆکەی شەڕکەری میگ-31 ی ڕووسی

سوپای ڕووسیا ڕایگەیاند فڕۆکەی جەنگی و شەڕکەر و موشەکی دەنگبڕی پێشکەوتووی ڕەوانەی بنکە سەربازییەکانی کردووە لە سوریا، ئەوەش بەمەبەستی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی دەریایی گەورە لە ناوچەکەدا.

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگەی شوەیگۆ بە سەردانێک گەیشتە سوریا و سەرپەرشتی مەشقەکان دەکات، ئەمەش لە دوای جەنگی ساردەوە گەورەترین مەشقی سەربازیی دەریایی ڕووسیا دەبێت لە دەریای ناوەنددا، ڕۆژی سێشەممە شوەیگۆ لەگەڵ سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەددا کۆبۆوە و پلانەکانی ڕووسیای بۆ ئەنجامدانی مەشقەکەی پێ ڕاگەیاند و تاوتوێی پلانەکانی دیکەشیان کردووە بۆ پەرەپێدان بە هاریکارییە سەربازیی و تەکنیکییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی مەشقەکە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند ئەنجام دەدرێت و 15 کەشتی جەنگی و نزیکەی 30 فڕۆکە بەشداری تێدا دەکەن، مەشقەکانیش بەشێک دەبن لەو مەشق دەریاییە بەرفراوانەی ڕووسیا کە لە مانگی ڕابردوودا و لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانیدا لەگەڵ ڕۆژئاوا دەستیپێکردن.

وەزارەتەکە وتیشی " مەبەست لە مانۆڕەکان مەشق کردنە بۆ ئەوەی ئامادە بین و هەروەها بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانمان و دوورخستنەوەی هەڕەشە سەربازییەکانە بۆ سەر ڕووسیا."

فڕۆکە جەنگی و شەڕکەرەکانی ڕووسیا کە لە جۆری تو-22ئێم 3 و میگ-31 و نوێترین موشەکی کروزی دەنگبڕی کینژاڵیان هەڵگرتووە، لە بنکەی ئاسمانی حەمیمیمی سوریا نیشتنەوە. سوپای ڕووسیا دەڵێت موشەکی کینژاڵ مەوداکەی زیاتر لە 2000 کیلۆمەترە و 10 هێندەی خێرایی دەنگ خێراترە، ئەوەش وادەکات بەرپەرچدانەوەی قورس بێت.

ڕەوانەکردنی ئەو جۆرە فڕۆکەیە بۆ سوریا پێدەچێت مەبەست لێی دەرخستنی تواناکانی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا بێت و هەڕەشەکردن بێت لە کەشتیە جەنگییەکانی ئەمەریکا لە دەریای ناوەنددا.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG