Accessibility links

ڕووسیا دووبارە ژێرخانەکانی وزەی ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی چوارشەممە ڕووسیا جارێکی دیکە هێرشی موشەکی کردە سەر دامەزراوەکانی وزەی ئۆکرانیا و لە ئەنجامدا گوند و شارۆچکەکانی دوو شاری ئۆکرانیای بەبێ کارەبا هێشتەوە.

ئەم هێرشە موشەکیی و ئاسمانییانەی ڕووسیا کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیشی تیادا بەکاردەهێنێت ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە بەردەوامە و لە کاتێکدایە کە هێزەکانی ڕووسیا لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا زنجیرەیەک شکستییان خواردووە.

لە هەرێمی خێرسۆنی ئۆکرانیا کە هێزەکانی ڕووسیا لە سەرەتای داگیرکارییەکەیاندا کۆنتڕۆڵیان کرد، لە ئێستادا بەرپرسانی هەرێمەکە کە لەلایەن ڕووسیاوە داندراون خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هێرشێکی ئۆکرانیا، بە دانیشتوانی هەرێمەکە دەڵێن پێشبینی بۆردومانکردن بکەن و ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی بڵاویکردەوە لەڕێی نامەوە داوا لە دانیشتوانی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا کراوە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن.

بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئۆکرانیا وتی چۆڵکردنەکە خۆبەخشانەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنها ڕێگە ئەوەیە هاوڵاتیانی هەرێمەکە بگوازنەوە بۆ ڕووسیا.

سەرکردەی نوێی سوپای ڕووسیا لە ئۆکرانیا جەنەڕاڵ سێرگێی سورۆڤیکین وتی ڕەوشەکە بۆ هێزەکانی ڕووسیا لە هەرێمی خێرسۆن " زۆر سەختە."

خێرسۆن یەکێکە لەو چوار هەرێمەی ئۆکرانیا کە ڕووسیا بەشێکی یاخود بە تەواوەتی داگیریکردووە و مانگی ڕابردوو لکاندنیانی بە ڕووسیاوە ڕاگەیاند.

بەهۆی کەمی سەرباز و لە دەستدانی کەلوپەلە سەربازییەکانیانەوە و کۆششکردنیان بۆ بەرگریکردن لەو ناوچانەی کە کۆنتڕۆڵییان کردووە، ڕووسیا بۆردومانەکانی چڕتر کردۆتەوە.

ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی لە 10 ی مانگی 10 ەوە نزیکەی سێیەکی وێستگەکانی کارەبای ئۆکرانیا لەناوچوون و لە زۆر شوێنی سەرانسەری وڵاتەکەدا " کارەبا بڕاوە."

سەرۆکی شارەوانی شاری ئینەرهۆداری باشووری ئۆکرانیا دمیترۆ ئۆرلۆڤ وتی بەهۆی بۆردومانەکانەوە ئاو و کارەبا لە هەندێک بەشی شارەکەدا نەماون. شارەکە دەکەوێتە تەنیشت وێستگەی ناوەکی زاپۆریژاوە.

هەروەها لە کریڤی ڕیی باشووری ناوەڕاستی ئۆکرانیاش بە هەمان شێوە موشەکەکان بە توندی زیانییان بە دامەزراوەیەکی وزە گەیاندووە. فەرمانڕەوای هەرێمەکە وتی هێرشە موشەکییەکە بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە گوند و شارۆچکەکانی ناوچەکە.

زێلێنسکی وتی سیستمە بەرگرییە ئاسمانییە ئەڵمانییەکە کە لەمدواییانەدا گەیشتە ئۆکرانیا زۆر بە باشی کاری کردووە دژی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا.

هەروەها سوپاسی ئەو سەربازە ئۆکرانییانەی کرد کە موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان خستۆتە خوارەوە کە ویستوویانە دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکە بکەنە ئامانج.

ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا وتی لە ماوەی لانیکەم 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیاوە لە سەرانسەری ئۆکرانیادا لانیکەم شەش هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و 16 کەسی دیکە بریندار بوون. وتیشی هێزەکانی ڕووسیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ڕۆکێت و تۆپهاوێژەوە هێرشییان کردۆتە سەر نۆ هەرێمی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و ئامانجییان لە ناوبردنی دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکە بووە.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG