Accessibility links

بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە لە هەرێمی خێرسۆن 7 کەس گیانیان لە دەستداوە


بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیاوە لە هەرێمی خێرسۆنی باشووری ئۆکرانیا حەوت کەس گیانییان لە دەستداوە، منداڵێکی ساوای تەمەن 23 ڕۆژیشیان تێدا بووە، هاوکات لانیکەم 22 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەهۆی گیان لە دەستدانەکانەوە بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممەیان بە ڕۆژی ماتەمینی ڕاگەیاند.

مانگی یانزەی ساڵی ڕابردوو ئۆکرانیا چەند بەشێکی هەرێمی خێرسۆنی کۆنتڕۆڵ کردەوە، بەڵام هێزەکانی ڕووسیا لەوبەری ڕووباری دنیپرۆوە بەردەوام بوون لە بۆرومانکردنی شاری خێرسۆنی پایتەختی هەرێمەکە و دەوروبەری.

وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا ئیهۆر کلیمینکۆ وتی دوو کەس و کۆرپە 23 ڕۆژەییەکەیان و پیاوێکی دیکە لە گوندی شیرۆکا بالکا کوژراون. کوڕە دوانزە ساڵەکەشییان بە سەختی بریندار ببوو و لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا.

کلیمینکۆ وتی " تیرۆریستان هەرگیز لە کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل ناوەستن. تیرۆریستان دەبێت بە بەکارهێنانی هێز ڕابگیرێن. لە هیچ شتێکی تر تێناگەن."

بەپێی فەرمانڕەوای هەرێمەکە ئۆلیکساندر پرۆکودین، دوو کەسی دیکە، کە قەشەیەکی کڵێسایەکیشییان تێدا بووە، لە گوندی ستانیسلاڤ کوژراون.

وەزارەتی ناوخۆی ئۆکرانیا وتی سێ کەس لە شاری خێرسۆن و شارۆچکەی بێریسلاڤ بریندار بوون، پێنج کەسی دیکە لە سەرانسەری هەرێمەکەدا بوونەتە قوربانی.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG