کرێملن دەڵێت ئەو تانکانەی کە بەڕیتانیا بە نیازە بیاندات بە ئۆکرانیا " دەسووتێندرێن "، هۆشداریدایە ڕۆژئاوا و وتی پێدانی کۆمەڵێک چەکی پێشکەوتووی دیکە بە ئۆکرانیا دەرەنجامی جەنگەکە ناگۆڕێت.
لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەیان ملیاران دۆلارییان لە یارمەتی سەربازیی ئۆکرانیادا خەرج کردووە، سیستمی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئوتومبێلی زریپۆش و سیستمی پەیوەندییەکانیان داوە بە ئۆکرانیا.
ڕۆژی شەممە بەڕیتانیا ڕایگەیاند لە هەفتەکانی داهاتوودا 14 تانکی سەرەکی سوپاکەی و سیستمی پێشکەوتووی دیکەی تۆپهاوێژ دەدات بە ئۆکرانیا.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە تانکە بەڕیتانییەکان، وتی " ئەوان ئەم وڵاتە ' ئۆکرانیا ' وەکو ئامڕازێک بەکاردەهێنن بۆ بە دەستهێنانی ئامانجە دژ بە ڕووسیاییەکەیان."
وتی " ئەم تانکانە دەسووتێن و وەکو ئەوانی دیکە دەسووتێندرێن."
پێسکۆڤ وتی دابینکردنی چەکی دیکە لەلایەن وڵاتانی وەکو بەڕیتانیا و پۆڵەنداوە دۆخی گۆڕەپانی جەنگەکە ناگۆڕێت، بەڵام هەوڵێکن بۆ درێژکردنەوەی جەنگەکە و لە کۆتاییشدا " کێشەی زیاتر " بەسەر ئۆکرانیادا دەهێنن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ڕووسیا دەڵێت تانکەکانی بەڕیتانیا لە ئۆکرانیا ' دەسووتێندرێن '
