Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت هێزی دەریایی بەڕیتانیا نۆرد ستریمی تەقاندۆتەوە، لەندەنیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت مانگی ڕابردوو سەربازەکانی سوپای بەڕیتانیا هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریمییان تەقاندۆتەوە، لەندەنیش ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە و بە ناڕاست ناویبرد و وتی مەبەست لێی دوورخستنەوەی سەرنجەکانە لەسەر شکستەکانی سوپای ڕووسیا لە ئۆکرانیادا.

ڕووسیا هیچ بەڵگەیەکی نەخستەڕوو لەسەر ئەوەی ئەندامێکی هاوپەیمانێتی ناتۆ ژێرخانێکی هەستیاری ڕووسیای تێکدابێت، ئەوەش لە نێوەندی خراپتر بوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێرشەکەی سەر نۆرد ستریم لەلایەن هەمان ئەو " شارەزا بەڕیتانیانەوە " وە ئەنجامدرا کە سەر بە هەمان ئەو یەکە سەربازییەن کە سەرپەرشتی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیایان کرد بۆ سەر کەشتیگەلی ڕووسیا لە دەریای ڕەش لە نیمچە دوورگەی کرایمیا.

وەزارەتەکە وتی " بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەردەستدان، نوێنەرانی ئەم یەکەیەی هێزی دەریایی بەڕیتانیا بەشدارییان لە پلاندانان و پێداچوونەوە بە پلانەکان و جێبەجێکردنی هێرشە تیرۆریستییەکەی دەریای باڵتیک کردووە لە 26 ی مانگی نۆی ئەم ساڵدا، تەقاندنەوەی هێڵەکانی بۆری گازی نۆرد ستریم 1 و نۆرد ستریم 2."

لەلای خۆیەوە بەڕیتانیا ئەوەی ڕەت کردەوە.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی " بۆ دوورخستنەوەی سەرنجەکان لەسەر مامەڵەکردنە کارەساتاوییەکەی داگیرکارییە نایاساییەکەی لە ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا پەنای بردۆتەبەر بڵاوکردنەوەی بانگەشەی ناڕاست بە ئاستێکی ئەفسانەیی."

وتیشی " چیرۆکە دروستکراوەکە، زیاتر تیشک دەخاتە سەر ئەو مشتومڕانەی کە لە ناو حکومەتی ڕووسیادا دەگوزەرێن وەک لە ڕۆژئاوا."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی مۆسکۆ هەوڵی کاردانەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەدات و دەڵێت مۆسکۆ دەیەوێت " سەرنجتان ڕابکێشێت بۆ زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆریستی دژی فیدراسیۆنی ڕووسیا لە دەریاکانی ڕەش و باڵتیکدا، لەوانەش تێوەگلانی بەڕیتانیا تیایاندا."

ڕووسیا کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە پەراوێزخراوە بەهۆی داگیرکارییەکەیەوە لە ئۆکرانیا، پێشتر ڕۆژئاوای بە بەرپرس داناوە لەو تەقینەوانەی کە بووە هۆی دزەکردنی گاز لە هێڵی بۆری گازی نۆرد ستریم 1 و نۆرد ستریم 2 ی ڕووسی لە دەریای باڵتیکدا.

بەڵام پێشتر بە دیاریکراوی پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی هیچ وڵاتێک نەکردبوو، نۆرد ستریم پێشتر گەورەترین ڕێڕەوی گواستنەوەی گاز بوو لە ڕووسیاوە بۆ ئەوروپا.

لەلایەکی دیکەوە سوید و دانیمارک لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کردووە و دەڵێن ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان ئاماژە بە بوونی تەقینەوە دەدەن، بەڵام ئاماژەیان بەوە نەداوە کێ بەرپرس بووە لە تەقینەوەکان. سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگیش تەقینەوەکەی بە کارێکی تێکدەرانە ناوبردووە.

کرێملن چەند جارێک وتوویەتی ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی ڕووسیا کراون کە گوایە مۆسکۆ بەرپرس بووە لە تەقینەوەکان " گەمژەیین " و بەرپرسانی ڕووسیاش وتوویانە کە ئەمەریکا پاڵنەرێکی هەبووە و ئەوەش ئەوەیە ویستوویەتی گازی شلکراوی زیاتر بفرۆشێت بە ئەوروپا.

لەلای خۆیەوە ئەمەریکا ڕەتی کردۆتەوە دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەی سەر بۆری گازی نۆرد ستریمدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG