وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت زیاتر لە 1000 سەربازی ئۆکرانی لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو خۆیان داوە بە دەستەوە.
ئەگەر هێزەکانی ڕووسیا ناوچەی پیشەسازی ئازۆڤستال بگرن کە سەربازانی ئۆکرانیا بەرگری لێدەکەن، ئەوا بە تەواوەتی ماریوپۆڵ دەچێتە ژێر دەستیانەوە، ئەوەش ڕێگە لەبەردەم ڕووسیادا خۆش دەکات تاوەکو ڕێڕەوێکی وشکانی لەنێوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکان لە ڕۆژهەڵات و هەرێمی کرایمییە دروست بکات.
لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ماریوپۆڵ لەژێر گەمارۆی هێزەکانی ڕووسیادا بووە، ئەگەر بگیرێت ئەوا یەکەمیش شار دەبێت بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ڕووسیاوە.
بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن هێزەکانی ڕووسیا بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئازۆڤستال و ماریوپۆڵ، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی هیچ زانیارییەکمان نیە لەسەر ئەوەی سەربازەکان خۆیان دابێت بە دەستەوە.
باوەڕ وایە هەزاران کەس لە شاری ماریوپۆڵ کوژرابێتن و سەرۆکی ئۆکرانیاش دەڵێت ڕووسیا هێزەکانی لە ناوچەکەدا کۆکردۆتەوە و ئامادەکاری بۆ هێرشێکی نوێ دەکەن.
ئۆکرانیا دەڵێت دەیان هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ناو شاری ماریوپۆڵدا گیرییان خواردووە و بەبێ ئاو و خۆراک و کارەبا و گەرمی ماونەتەوە، هەروەها ڕووسیا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی ڕێگە نەدان بە گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی 1,026 سەربازی ئۆکرانیا خۆیان داوە بە دەستەوە، 126 ئەفسەریشیان تێدایە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز