Accessibility links

ڕووسیا هەناردەکردنی گاز بۆ پۆڵەندا و بولگاریا ڕادەگرێت


کۆمپانیای نەوت و گازی PGNiG ی سەر بە دەوڵەتی پۆڵەندا وتی کۆمپانیای وزەی گازپڕۆمی ڕووسی بە کۆمپانیاکەی ڕاگەیاندووە لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممەوە هەناردەکردنی گاز بۆ پۆڵەندا ڕادەگرێت، هاوکات ڕووسیا هەناردەکردنی گازەکەی بۆ بولگاریاش ڕادەگرێت، لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیا لەسەر ئۆکرانیا خەریکە پەرە دەسەنێت بۆ ماڵدۆڤاش.

پۆڵەندا و بولگاریا یەکەمین وڵات دەبن ڕووسیا گازەکەیان لێبگرێتەوە. ئەم بڕیارەی مۆسکۆ دوای ئەوە هات پۆڵەندا سزای بەسەر کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیای ڕووسیدا سەپاند.

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن داوای کردووە ئەو وڵاتانەی " دۆستی " ڕووسیا نین هەژمارێک لە بانکی گازپڕۆم بکەنەوە و پارەی گازەکە بە دراوی ڕوبڵی ڕووسی بدەن و یۆرۆ و دۆلارەکانیان لەو بانکەدا دەگۆڕدرێت بۆ ڕوبڵ.

هەروەها هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر داواکەی جێبەجێ نەکرێت ئەوا هەناردەکردنی گازی سروشتی ڕووسیا ڕادەگرێت.

پۆڵەندای ڕکابەری سیاسیی ڕووسیا کە گرێبەستی گازەکەی لەگەڵ مۆسکۆدا لە کۆتایی ئەمساڵدا بەسەردەچێت، چەند جارێک داواکەی پوتنی ڕەت کردۆتەوە و وتوویەتی پارەی گازەکە بە ڕوبڵ نادات. هەروەها وتووشیەتی گرێبەستەکە درێژ ناکاتەوە.

پۆڵەندا ساڵانە 10.2 ملیار مەتر چوارگۆشە گازی لە کۆمپانیای گازپڕۆمی ڕووسیاوە وەردەگرێت، ئەوەش لە سەدا 50 ی پێویستیەکانی وزەی وڵاتەکە دابین دەکات.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " ئامانجی سەرەکی سەرکردایەتی ڕووسیا تەنها داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا نیە، بەڵکو پارچە پارچە کردنی سەرانسەری ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپایە و دەیەوێت لە دیموکراسی بدات."

بەرپرسانی هەرێمی ترانسدنێستریای ماڵدۆڤا کە سنووری بە باشووری ڕۆژئاوای ئۆکرانیاوەیە وتیان تەقینەوەکان زیانییان بە دوو ڕادیۆ گەیاندووە کە بە زمانی ڕووسی پڕۆگرامەکانی پێشکەش دەکات، وتیشیان یەکێک لە یەکە سەربازییەکانیان هێرشی کراوەتەسەر.

بەرپرسانی هەرێمەکە وردەکارییەکی کەمییان خستەڕوو بەڵام بەرپرسیارێتییەکەیان خستە سەر شانی ئۆکرانیا، هاوکات سەرۆکی ماڵدۆڤا کە پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەکات بەرپرسیارێتی زیادبوونی گرژییەکانی خستە سەر شانی لایەنەکانی هەرێمەکە کە " پشتیوانی لە جەنگ " دەکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG