وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند سیستمەکانی بەرگری وڵاتەکە 31 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 16 موشەکییان لە هێرشەکانی ئۆکرانیادا بۆ سەر ڕووسیا خستووەتە خوارەوە.
وەزارەتەکە وتی حەوت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چوار موشەکی ئاڕاستەکراو بەسەر نیمچە دوورگەی کرایمیای داگیرکراو لەلایەن ڕووسیاوە خراونەتە خوارەوە، هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی کورسک و چوار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەسەر هەرێمی لیپێتسکدا خراونەتە خوارەوە.
ئۆکرانیا سەنگی هێرشەکانی خستووەتە سەر هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا کە سنووری بە ئۆکرانیاوەیە، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی 12 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 12 موشەکی ئاڕاستەکراوییان بەسەر بێلگۆرۆددا خستووەتە خوارەوە.
فەرمانڕەوای هەرێمەکە وتی هێرشەکەی سەر بێلگۆرۆد ڕۆژێک دوای هێرشێکی موشەکی ئۆکرانیا دێت کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 15 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 30 کەسی دیکە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا