Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت کاندیدبوونی ئۆکرانیا و ماڵدۆڤا بۆ ئەندامێتی لە یەکێتی ئەوروپا دەرەنجامی نەرێنی دەبێت


ڕووسیا دەڵێت بڕیاری یەکێتی ئەوروپا بۆ پێدانی پێگەی کاندیدی ئەندامێتی لە یەکێتییەکەدا بە ئۆکرانیا و ماڵدۆڤا دەرەنجامی نەرێنی دەبێت و هەوڵێکی دیکەی یەکێتی ئەوروپایە بۆ " کۆیلەکردنی " وڵاتانی دراوسێی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ماریا زاخارۆڤا وتی بڕیارەکە هەوڵێکە بۆ دەستدرێژی کردنەسەر کاریگەرییەکانی ڕووسیا لەنێو وڵاتانی سەربەخۆی کۆمۆنوێڵثدا کە پێکهاتوون لەو وڵاتانەی کە پێشتر سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوون.

زاخارۆڤا لە بەیاننامەیەکدا گوتی " لەگەڵ پێدانی پێگەی کاندید بەو وڵاتانە، یەکێتی ئەوروپا پشتڕاستی کردەوە کە بەشێوەیەکی چالاک بەردەوامە لەوەی لەسەر ئاستی جیۆسیاسیی سوود لە وڵاتانی سەربەخۆی کۆمۆنوێڵث وەربگرێت و بۆ گرتنی ڕووسیا بەکارییان بهێنێت."

گوتیشی " ئەوان بیر لە دەرەنجامە نەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە ناکەنەوە."

زاخارۆڤا گوتی لە ڕێی فراوانبوونییەوە بۆ ئۆکرانیا و ماڵدۆڤا، یەکێتی ئەوروپا لەسەر حسابی " فراوانبوونێکی بێسنوور و کۆیلەکردنی ئابووری و سیاسیی وڵاتانی دراوسێی " بەها دیموکراسییەکانی خۆی دەکاتە قوربانی.

مۆسکۆ وتوویەتی بەشێک لە هۆکاری ڕەوانەکردنی هێزەکانی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا ئەوە بووە ڕێگە نەدات ئۆکرانیا بەکاربهێندرێت بۆ هێرشکردنەسەر ڕووسیا. وڵاتانی ڕۆژئاوا و کیێڤ دەڵێن هۆکارەکانی ڕووسیا بۆ داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا بێ بنەمان و تەنها پاساوێکن بۆ داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG