سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هۆشداریدایە ڕۆژئاوا و وتی ئەگەر وڵاتان دەستوەربدەنە ڕووداوەکانی ئۆکرانیاوە ئەوا ڕووبەڕووی تۆڵەیەک دەبنەوە کە وەکو هەورە بروسکە خێرا بێت.
ڕووسیا بە ئەمەریکای وتووە چیتر چەک ڕەوانەی ئۆکرانیا نەکات و دەڵێت ڕەوانەکردنی چەک لە ڕۆژئاواوە بۆ ئۆکرانیا جەنگەکە گەرمتر دەکات.
پوتن لە سەینت پیتەرسبێرگ بە یاسادانەرانی وڵاتەکەی وت ڕۆژئاوا ویستوویەتی ڕووسیا پارچە پارچە بکات و تۆمەتباریکردن بە تۆمەتی پاڵنان بە ئۆکرانیاوە بۆ ناو ململانێیەک لەگەڵ ڕووسیادا.
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەک کە ڕاگەیاندنەکانی ڕووسیا بڵاوییان کردۆتەوە، پوتن دەڵێت " ئەگەر هەر کەسێک بەنیاز بێت لە دەرەوە دەستوەربداتە ڕووداوەکانەوە و هەڕەشەیەکی ستراتیژی لە ڕووسیا بکات کە بۆ ئێمە جێی قبوڵکردن نیە، ئەوا دەبێت بزانن کە هێرشی تۆڵەسەندنەوەمان وەکو هەورە بروسکە خێرا دەبێت."
وتی " سەرجەم ئامڕازەکانمان لەبەردەستدایە بۆ ئەمە، کۆمەڵێک شتمان هەیە کە هیچ کەس لە ئێستادا ناتوانێت بڵێت هەمە و خۆی پێوە هەڵبکێشێت، ئێمە خۆمانی پێوە هەڵناکێشین، ئەگەر پێویست بکات بەکارییان دەهێنین، دەمەوێت هەمووان ئەوە بزانن."
داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە 24 ی مانگی دوودا دەستیپێکرد و بووەتە هۆی خاپوور کردنی شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا و زیاتر لە 5 ملیۆن هاوڵاتی ئۆکرانیای ناچار کردووە وڵاتەکە جێبهێڵن. وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ڕووسیادا و ڕەوانەکردنی چەک بۆ ئۆکرانیا وەڵامییان داوەتەوە.
ڕووسیا داگیرکارییەکەی بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە. ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا دەڵێن ئەمە پاساوی پوتنە بۆ ئەنجامدانی دوژمنکارییەکی بێ هۆکار دژی ئۆکرانیا.
لەکاتێکدا ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشەکانی لە ڕۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیاوە، شەڕە ئابوورییەکەی لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەڕەشەی بۆ سەر گازی ئەوروپا دروست کردووە، ئابوورییەکەی ڕووسیاش لە ئێستادا ڕووبەڕووی خراپترین قەیران بووەتەوە کە لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت لە ساڵی 1991 ەوە نەبیندراوە.
دوای ئەوەی ڕووسیا هەناردەکردنی گازی بۆ پۆڵەندا و بولگاریا ڕاگرت، ئۆکرانیا وتی ئەوروپا دەبێت چیتر لە بازرگانیدا پشت بە ڕووسیا نەبەستێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز