Accessibility links

پوتن کەمکردنەوەی ڕێوشوێنەکانی کۆرۆنا قۆناغ بە قۆناغ ڕادەگەیەنێت


سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ڕایگەیاند ڕێوشوێنەکانی داخستنی گشتی لە وڵاتەکەدا بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا قۆناغ بە قۆناغ کەم دەکرێنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە تا دێت ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا زیاتر دەبێت و پێش ئیتاڵیاش کەوت.

پوتن لە وتارێکدا وتی لە ڕۆژی سێشەممەوە دەست دەکات بە کەمکردنەوەی ڕێوشوێنەکان، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو یارمەتی دارایی ئەو خێزانانە دەدات کە منداڵیان هەیە و هەروەها ڕێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ پشتیوانیکردن لە ئابووری وڵاتەکە.

لە تەنها یەک ڕۆژدا 11656 کەس لە ڕوسیا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە و کۆی ژمارەی توشبووانی لەو وڵاتە بەرزکردەوە بۆ 221344 کەس. تا ئێستا تەنها ئەمەریکا و بەڕیتانیا و ئیسپانیا ئەو ژمارەیەیان تێپەڕ کردووە.

هەروەها 94 حاڵەتی دیکەی گیان لەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لەو وڵاتەدا تۆمارکرا، بەوەش کۆی حاڵەتەکانی گیان لەدەستدان لەو وڵاتەدا بەرزبۆوە بۆ 2009 حاڵەت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG