سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتەکەدا وتی جوتیارانیش لە نێو ئەو ڕووسییانەدان کە ناونووس کراون بۆ بوون بە سەرباز.
ڕووسیا گەورەترین هەناردەکاری گەنمە لە جیهاندا، لە وەرزی پایزیشدا جوتیاران زۆر سەرقاڵ دەبن بە چاندنی گەنمی زستانە بۆ بەرهەمی ساڵی داهاتوو و سۆیا و تۆوی گوڵەبەڕۆژە دەچننەوە. چاندنی گەنمی زستانە پێشتریش بەهۆی باران بارینەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دواکەوتووە.
پوتن لە کۆبوونەوەکەدا گوتی " دەشمەوێت قسە بۆ ڕابەرانی هەرێمەکان و ڕابەری کارگە کشتوکاڵییەکان بکەم، لە چوارچێوەی کۆکردنەوە بەشەکییەکەی سەربازدا، کرێکارانی کشتوکاڵیش ناونووس کراون. دەبێت پشتیوانی لە خێزانەکانیان بکرێت. داواتان لێدەکەم سەرنج بدەنە ئەم بابەتە."
ڕۆژی چوارشەممە پوتن فەرمانێکی دەرکرد بۆ کۆکردنەوەی سەرباز کە ئەمە یەکەمین جارە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ڕووبدات.
وەکو بەشێک لە کۆکردنەوەی سەربازان، بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێن 300,000 هاوڵاتی ڕووسی بانگ دەکرێن تاوەکو ببنە سەرباز. هەندێک لەو هەرێمانەی باشوور و ناوەڕاستی ڕووسیا کە سنوورییان بە ئۆکرانیاوە هەیە، وەکو هەرێمی کورسک، بەرهەمهێنەری سەرەکی گەنمن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز