سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن پێکهێنانی حکومەتی نوێی ڕوسیای ڕاگەیاند و هەردوو وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سێرگەی لاڤرۆڤ و وەزیری بەرگری سێرگەی شوەیگۆ لە پۆستەکانیاندا ماونەتەوە.
سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن لەمیانەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هەموو ئەندامانی حکومەتەکەی و سەرۆک وەزیری نوێی وڵاتەکە میخائیل میشوستین وتی " بەڕاستی هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم، ئەوە لە بەرژەوەندی هەموو وڵاتەکەیە."
لە پاڵ لاڤرۆڤ و شوەیگۆدا، هەردوو وەزیری ناوخۆ ڤلادیمێر کۆلۆکۆلستیڤ و وەزیری وزە ئەلیکساندەر نۆڤاک لە پۆستەکانیاندا مانەوە.
لە پانزەی مانگی یەکدا ڤلادیمێر پوتن زنجیرەیەک گۆڕانکاری دەستووری لەناکاوی ڕاگەیاند. دوای ڕاگەیاندنەکەی پوتن سەرۆک وەزیری پێشووی ڕوسیا دیمتری میدڤید و حکومەتەکەی دەستیان لەکارکێشایەوە.
ئامانج لەم گۆڕانکارییانەی پوتن لە دەستووری ڕوسیادا ئەوەیە لە دوای ساڵی 2024 ەوە دەسەڵاتی تەواوی هەبێت بەسەر سیستمی سیاسیی ڕوسیادا ، چونکە لە ساڵی 2024 دا ماوەی سەرۆکایەتییەکەی ئێستای تەواو دەبێت و بەپێی دەستووری ئێستای وڵاتەکە ناتوانێت جارێکی دیکە خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید بکاتەوە.
سەرچاوە/ فرانس پرێس