Accessibility links

هەزاران هاوڵاتی ڕوسی خۆپیشاندان دەکەن دژی توندکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر ئینتەرنێت


هەزاران هاوڵاتی ڕوسیا ڕژانە سەر شەقامەکانی مۆسکۆ و دوو شاری دیکەی ڕوسیا، ئەمەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک بۆ توندکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر ئینتەرنێت لە یەکێک لە گەورەترین خۆپیشاندانەکانی پایتەختی ڕوسیادا.

نوێنەرانی پەرلەمانی ڕوسیا مانگی ڕابردوو پشتیوانیان لە توندکردنەوەی کۆتوبەندەکانی سەر ئینتەرنێت کرد و دەڵێن ئەو کارە زۆر پێویستە بۆ ڕێگەگرتن لە دەستوەردانی بیانی لە کاروباری ناوخۆی ڕوسیادا. بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەم هەنگاوە بۆ بێدەنگکردنی ئۆپۆزسیۆنە.

هاوڵاتیانی ڕوسی لە شەقامی بڕۆسبێکت ساخارۆڤای مۆسکۆ کۆبوونەوە کە شەقامەکە چواردەور گیرابوو، هەندێکیان وتارییاندا و بە یەک دەنگ دەیانووت " دەستتان لابەن لەسەر ئینتەرنێت، نا بۆ گۆشەگیری. چیتر دەست وەرمەدەنە ئینتەرنێتی ڕوسیاوە."

ڕێکخراوی وایت کاوتنەری ئەهلی وتی خۆپیشاندانەکە نزیکەی 15300 کەسی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، هەروەها 6500 پۆلیسیش لە ئامادەباشیدابوون.

هاوڵاتیەکی ڕوسی وتی " ئەگەر هیچ نەکەین ئەوا خراپتر دەبێت. کاربەدەستان بەردەوام دەبن لەو ڕێگە تایبەتیەی خۆیان و دەگەینە خاڵێک کە گەڕانەوە لێی مەحاڵ دەبێت."

چالاکەوانانی ئۆپۆزسیۆن لە تویتەر وتیان پۆلیس 15 هاوڵاتی دەستگیرکردووە لەمیانەی خۆپیشاندانەکانی مۆسکۆدا، لەکاتێکدا کاربەدەستان دەستگیرکردنی هیچ کەسێکیان ڕانەگەیاندووە.

خۆپیشاندانەکانی مۆسکۆ و شاری ڤارۆنس و خابارۆفسک بە مۆڵەتی یاسایی کاربەدەستانی حکومەت ڕێکخراوە.

لەم ساڵانەی دواییدا ڕوسیا هەوڵیداوە ئازادی ئینتەرنێت کەم بکاتەوە بە قەدەغەکردنی هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی نامەناردن لەوانەش تیلیگرام.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG