Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت پۆڵەندا پەیوەندییەکان لەناودەبات بە دەرکردنی دیبلۆماتکارانی ڕووسی


باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا
باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا

ڕۆژی پێنجشەممە ڕووسیا پۆڵەندای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ لەناوبردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا، ئەوەش لەڕێی دەرکردنی 45 دیبلۆماتکاری ڕووسییەوە، وتیشی مۆسکۆ بەتوندی وەڵام دەداتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا پۆڵەندا بڕیاریدا بە دەرکردنی 45 دیبلۆماتکاری ڕووسی و وتی گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کار بۆ هەواڵگری ڕووسیا بکەن.

باڵیۆزی ڕووسیا لە پۆڵەندا وتی پۆڵەندا هەژمارە بانکییەکانی باڵیۆزخانەکەشی داخستووە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی " دەرکردنەکان هەنگاوێکی هۆشیارانە بوون بۆ لەناوبردنی کۆتایی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە."

وتیشی " ڕووسیا ناهێڵێت ئەم هێرشە دوژمنکارییە بەبێ وەڵام تێپەڕ ببێت، وەڵامەکەش وادەکات ئەوانەی لە پۆڵەندا کارە وروژێنەرەکان دەکەن بیر بکەنەوە و زیانیان پێدەگەیەنێت."

پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپا هەمیشە گرژییان تێدا بووە، بەڵام ململانێکانی ئۆکرانیا ترس و گومانەکانی لە نیازەکانی مۆسکۆ بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە.

ڕۆژی چوارشەممە پۆڵەندای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ پێشنیاری ئەوەیکرد هێزە چەکدارە ئاشتی پارێزە نێودەوڵەتییەکان ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێن، لەلای خۆیەوە ڕووسیا سەرکۆنەی ئەو پێشنیارەی پۆڵەندای کرد.

باڵیۆزی ڕووسیا لە وارشۆ سێرگێی ئاندریڤ وتی هۆکاری داخستنی هەژمارە بانکییەکانی بانکەکە ئەوە بووە کە دەڵێن گوایە ئەو هەژمارانە بۆ پارە سپیکردنەوە یاخود پشتیوانیکردنی دارایی لە تیرۆر بەکارهاتوون.

سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆڤسکی وتی " تەنها دەتوانم بە دەستەواژەیەکی گشتی بڵێم کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ سڕکردنی سەرمایەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا دەکەین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG