یەڤگینی پریگۆژین کە بازرگانێکی ڕووسییە و پەیوەندیی لەگەڵ کرێملندا هەیە ڕۆژی دووشەممە دانی بەوەدانا کە دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکاوە و بەردەوامیش دەبێت لەو کارەی، بەمەش بۆ یەکەمین جار ئەو تۆمەتانەی پشتڕاست کردەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە ڕەتییان دەکاتەوە.
پریگۆژین لە لێدوانێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەڵێت " دەستمان وەرداوەتە هەڵبژاردنەکانەوە، دەستیش وەردەدەین و بەردەوامیش دەبین لە دەستوەردان. بە وریایی وردیی و بە شێوازی خۆمان دەستوەردەدەین."
لێدوانەکەی پریگۆژین پێش هەڵبژاردنەکانی میدتێرمی ئەمەریکا دێت، دوای ئەوەی داوای لێکراوە لێدوان بدات ئەو وەڵامەی داوەتەوە.
جێی ئاماژەیە ئەمە دووەمین دانپێدانانی گەورەیە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا لەسەر دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا. پیرگۆژینی تەمەن 61 ساڵ پەیوەندی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا هەیە و پێشتر هەوڵیداوە ئەو کارانەی دەیکات بە نهێنی بمێننەوە، بەڵام لەمدواییانەدا وادەردەکەوێت هەوڵی بە دەستهێنانی کاریگەرییەکی سیاسیی بدات.
لە مانگی نۆدا پیرگۆژین بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە ئەو لە پشت گروپی بەکرێگیراوانی واگنەرەوە بووە، ئەوەش شتێک بوو کە پێشتر ڕەتی دەکردەوە پەیوەندیی بەو گروپەوە هەبێت. هەروەها بە ئاشکرا قسەی لەسەر بەشداری گروپی واگنەر کرد لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا. جێی ئاماژەیە گروپی واگنەری سەربازیی هێزەکانیان ڕەوانەی شوێنەکانی دیکەی وەکو سوریا و ئەفریقاش کراون.
لە ساڵی 2018 دا پیرگۆژین و دەیان هاوڵاتی دیکەی ڕووسیا و سێ کۆمپانیای ڕووسیا لە ئەمەریکا تۆمەتبار کران بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی شاراوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ خستنەوەی دووبەرەکی لە نێو ڕای گشتی ئەمەریکییەکاندا پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2016 دا. وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانی ڕۆبەرت موڵەر لەسەر دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکاندا تۆمەتبار کران.
لە ساڵی 2020 دا وەزارەتی دادی ئەمەریکا تۆمەتەکانی دژ بە دوو کۆمپانیای تاوانبار هەڵوەشاندەوە، کۆنکۆرد مانجمێنت ئاند کۆنسۆڵتینگ و کۆنکۆرد کاتەرین، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی دوو کۆمپانیاکە لە ئەمەریکا و بێسوودی سزادانییان.
لە مانگی حەوتدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا 10 ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات دیاریکرد بۆ هەر زانیارییەک سەبارەت بە دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکادا، بە پریگۆژین و دەزگای توێژینەوەی ئینتەرنێتیشەوە، کە بنکەکەی لە سەینت پیتەرسبێرگە و کۆمپانیاکانی پیرگۆژین بە تۆمەتی پشتیوانیکردنی دارایی لەو دەزگایە تۆمەتبار کراون.
دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا و گروپەکانی مافی بەندکراوان و خزم و کەسوکاری بەندکراوان لەم ساڵدا ئاماژەیان بەوەداوە کە کۆمپانیای تایبەتی سەربازیی واگنەر و هەندێک کاتیش پیرگۆژین بە تایبەتی هەوڵیانداوە تاوانباران بکەنە سەرباز و لە ئۆکرانیا شەڕییان پێبکەن. پیگۆژین ڕاستەوخۆ ئەوەی پشتڕاست نەکردۆتەوە، بەڵام لە بەیاننامەیەکدا وتی " یان کۆمپانیای سەربازیی تایبەتی واگنەر یان تاوانباران یان منداڵەکانتان " لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکەدا شەڕ دەکەن.
سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس