Accessibility links

واشنتۆن پۆست: ئەو بەڵگەنامانەی لە ماڵەکەی ترامپ دەستیان بەسەردا گیرا نهێنییەکانی ئەمەریکایان لەبارەی ئێران و چینەوە هەڵگرتبوو


ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕۆژی هەینی بە پشتبەستن بە کەسانێک کە ئاشنان بەو بابەتە، بڵاویکردەوە، زانیاری هەواڵگری زۆر هەستیار لە بارەی ئێران و چین لەناو هەندێک لەو بەڵگەنامانەدا بوون کە لەلایەن FBI لە کاتی گەڕان و پشکنین لە ماڵەکەی دانۆڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە فلۆریدا دۆزرانەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەڵگەنامە دۆزراوەکان بەڵگە نهێنییەکانیان لەخۆ گرتبوو كە باسیان لە كاری هەواڵگری سەبارەت بە چین كردووە و لانیکەم یەكێكیان باسی بەرنامەی مووشەكی ئێرانی كردووە، ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو بەڵگەنامانە بە هەستیارترین بەڵگەنامەكان دادەنرێن لەو شتانەی كە لەلایەن FBI دەستی بەسەردا گیراوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان لەم بەڵگەنامانەدا چەندین مەترسی دروست دەکات، لەوانە مەترسی خستنە سەر ئەو کەسانەی کە یارمەتی هەوڵەکانی هەواڵگری ئەمەریکا دەدەن و سازش لەسەر هەوڵەکانی کۆکردنەوە دەکەن.

وەزارەتی داد لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا ترەمپ یاساکەی شکاندووە بە بردنی تۆمارەکانی حکومەت، لەنێویاندا نزیکەی 100 بەڵگەنامەی نهێنی، بۆ موڵکەکەی لە فلۆریدا دوای ئەوەی لە مانگی یەکی 2021دا پۆستەکەی بەجێهێشت.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG