ڕۆژی سێشەممە پەرلەمانی ڕووسیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای نەهێشتنی دەسەڵاتی دادوەری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپای لە وڵاتەکەدا پەسەند کرد، ئەم بڕیارەش لە جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەرچاوەی گرتووە.
جیابوونەوەکە یاخود نەهێشتنی دەسەڵاتی دادوەری دادگا ئەوروپییەکە لە ڕووسیا دەبێتە هۆی نەهێشتنی ئەو ڕێگە یاساییانەی کە ڕووسییەکان بە ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا ئالێکسی ناڤاڵنی زیندانیکراویشەوە لە ڕابردوودا پەنایان بۆ بردووە بۆ وروژاندنی دۆسییە گرنگ و دیارەکان کە لەلایەن دادگاکانی ڕووسیاوە ڕەت دەکرانەوە.
پەرلەمانی دووەمی ڕووسیا ' دوما ' دوو پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، یەکەمیان لابردنی وڵاتەکە لە دەسەڵاتی دادوەری دادگا ئەوروپییەکە و دووەمیشیان دیاریکردنی 15 ی مانگی سێیە وەکو بەرواری جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ئەو بڕیارانەشی کە لە دوای ئەو کاتەوە دژی ڕووسیا دەرکراون جێبەجێ ناکرێن.
پەرلەمانی ڕووسیا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاساکانیان پەسەند کرد، تەنها یەک پەرلەمانتاری پارتی کۆمیونیستی ئۆپۆزسیۆن دژی پڕۆژەکە دەنگیدا. ئێستا دەبێت پڕۆژە یاساکان لەلایەن سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنەوە پەسەند بکرێن تاوەکو ببنە یاسا.
لە ساڵی 2004 دا چەکدارە ئیسلامییەکان دەستیان بەسەر قوتابخانەیەکدا گرت لە شارۆچکەی بێسلانی ڕووسیا کە بە شەڕێکی خوێناویی کۆتایی هات و زیاتر لە 330 کەس کە لە قوتابخانەکەدا دەستبەسەرکرابوون و کوژران، 180 منداڵیشیان تێدابوو.
لە ساڵی 2017 دا دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا فەرمانی بە ڕووسیا کرد قەرەبووی ڕزگاربووانی ئەو ڕووداوە بکاتەوە، کە دەڵێن بەشێک لە هۆکاری کوژرانی دەستبەسەرکراوەکان شکستهێنانی تیمەکانی ئاسایش بووە کە هەڵیانکوتایە سەر قوتابخانەکە و لەگەڵ چەکدارەکاندا کەوتنە شەڕێکی خوێناوییەوە.
لە مانگی دووی ساڵی 2021 دا دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا فەرمانی دەرکرد ئالێکسی ناڤاڵنی ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا دەبێت لە زیندان ئازاد بکرێت. لەلای خۆیەوە ڕووسیا وتی فەرمانی دادگاکە " یاسایی نیە."
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ئەنجومەنی ئەوروپا دروستبووە، ئەوەش لەپێناو بەرزکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لە ئەوروپادا، لە ساڵی 1996 دا ڕووسیا لەژێر سەرۆکایەتی بۆریس یەڵتسیندا بووە ئەندام لە ئەنجومەنەکەدا.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2014 دا ڕووسیا نیمچە دورگەی کرایمییەی ئۆکرانیای گرتەخۆی، ڕووسیا مافی دەنگدانی لە کۆبوونەوەی گشتی پەرلەمانی ئەنجومەنەکەدا لێسەندرایەوە، لە ساڵی 2016 ەوە ڕووسیا دەستیکردووە بە بایکۆتکردنی ئەو کۆبوونەوەیە.
لە 15 ی مانگی سێدا لیژنەیەکی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا بڕیاریاندا ڕووسیا لە ئەنجومەنەکە دەربکەن، کە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاش بەشێکە لێی، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ڕەوانەکردنی هێزە سەربازییەکانی ڕووسیا بۆ ناو ئۆکرانیا.
ڕووسیا وتوویەتی بەشێوەیەکی سەربەخۆ بڕیاریداوە ئەنجومەنی ئەوروپا جێبهێڵێت، سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤیش دەڵێت دەرچوونی ڕووسیا لە ئەنجومەنەکە دەرفەتێکی خستەوە بۆ دووبارە هێنانەوەی سزای مەرگ، کە ئەنجومەنی ئەوروپا قەدەغەی کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
پەرلەمانی ڕووسیا پڕۆژە یاسای جیابوونەوە لە دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا پەسەند دەکات
