کەناڵی تەلەفیزیۆنی زەفیزدای سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا وتی مۆسکۆ دەستی کردووە بە دامەزراندنی بنکەیەکی سەربازی هێڵیکۆپتەر لە فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی لە شاری قامیشلی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمەش لە هەنگاوێکدا بۆ زیادکردنی جڵەوی ڕوسیا بەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکەدا.
کەناڵەکە دوو گرتەی پیشاندا تیایاندا دوو فڕۆکەی جەنگی هێڵیکۆپتەر لە جۆری می- 35 بەسەر ناوچەیەکی بیابانیدا بە نزمی دەفڕن پێش ئەوەی لە بنکە نوێیەکە بنیشنەوە کە ئەو بنکەیە بە سیتسمی دژە موشەکی بانتسیر پارێزگاری لێدەکرێت.
جێی ئاماژەیە ڕوسیا دوو دامەزراوەی سەربازی هەمیشەیی لە سوریادا هەیە، یەکێکیان بنکەی ئاسمانیە لە پارێزگای لازقییە کە بۆ جێبەجێکردنی هێرشە ئاسمانییەکان بەکاردەهێنرێت و ئەوی دیکەیان بنکەی هێزی دەریاییە لە تەڕتوس لەسەر دەریای ناوەڕاست.
هێشتا ڕوون نیە ئەم بنکە نوێیە هەمیشەیی دەبێت یاخود کاتی، بەڵام دامەزراندنی ئەم بنکەیە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕوسیا هەوڵدەدات جڵەوی ئەو شوێنانە بگرێتە دەست کە جموجۆڵی زۆریان تێدا ڕوودەدات و نزیکی سنووری تورکیان.
دیبلۆماتکارێکی باڵای پێشووی ڕوسیا ڤلادیمێر ڤرۆلۆڤ وتی " لە ئێستادا بنکەیەکی بچووکە و بۆ ئاسانکردنی ئەرکەکانی ڕوسیایە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەڵام ئەگەرێک هەیە وەکو ئەرکەکانی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی فوڕات بەکاربهێنرێت ئەگەر ئەمەریکا بەتەواوەتی لە سوریا بکشێتەوە."
وتیشی " ئەمە کارتی فشاری زیاتر دەداتە ڕوسیا، کۆمەڵێک ڕاستی دیکە لەسەر خاکەکە دەچێتە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیاوە بەڵام لەڕووی سەربازییەوە شتێکی ڕەمزییە و ئامانج لێی زاڵبوون نیە بەسەر هێزی ئاسمانی ئەمەریکادا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز