کرێملن ڕۆژی دووشەممە سەرکۆنەی سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگی کرد لەسەر ئەوەی پێشنیاری ئەوەی کردووە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکە دەبێت ڕێگە بە ئۆکرانیا بدەن ئۆکرانیا بە چەکە ڕۆژئاواییەکانەوە لە ناو جەرگەی ڕووسیا بدات، وتیشی ئەوە ڕوونە کە ناتۆ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ڕووسیادا.
ستۆڵتنبێرگ بە ئێکۆنۆمیستی ڕاگەیاندووە ئەو وڵاتانەی ئەندام لە ناتۆ کە چەک دەدەن بە ئۆکرانیا دەبێت ڕێگە بدەن ئۆکرانیا ئەو چەکانە بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکان لە ناو ڕووسیادا. جێی ئاماژەیە ئەو وڵاتانەی چەک دەدەن بە ئۆکرانیا قەدەغەیان کردووە لەسەری ئەو چەکانە بۆ هێرشکردنە سەر ڕووسیا بەکاربهێنێت.
وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدوانەکانی ستۆڵتنبێرگ، بە ڕۆژنامەی ئیزڤێستیای ڕووسیایی وت " ناتۆ پلەی پەرەسەندنی گرژییەکان زیاتر دەکات."
وتیشی " ناتۆ یاری بە لێدوانە سەربازییەکان دەکات و دەکەوێتە ناو بێ هۆشی سەربازییەوە." وتیشی سوپای ڕووسیا دەزانێت چی بکات.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا ناتۆ نزیک دەبێتەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕووسیادا، پێسکۆڤ وتی " ئەوان نزیک نابنەوە، ئەوان تێیدان."
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن چەندین جار هۆشداری داوە لەسەر ئەوەی ڕۆژئاوا مەترسی هەڵگیرساندنی جەنگێکی جیهانی دروست کردووە لەسەر ئۆکرانیا و شەڕێکی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕووسیا و ناتۆدا مانای ئەوە دەبێت کە جیهان یەک هەنگاو دوور دەبێت لە جەنگی جیهانی سێیەمەوە.
بەرپرسانی ڕووسیا دەڵێن هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر ناو جەرگەی ڕووسیا، بە هێرشکردنە سەر ناوچەکانی هاووڵاتییانی سڤیل و تەنانەت ناوچەکانی بەرگرییە ئەتۆمییەکانی ڕووسیاشەوە، زیادبوونی ڕاستەوخۆی گرژییەکانن.
لە دوای قەیرانی موشەکی کوباوە لە ساڵی 1962 دا، داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لە ساڵی 2022 دا پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوای خستە خراپترین ئاستەوە. ڕووسیا لە ئێستادا بە درێژایی هێڵەکانی پێشەوەی جەنگەکە لە ئۆکرانیادا پێشڕەوی دەکات.
ئەمەریکا چەندین جار وتوویەتی هانی ئۆکرانیا نادات هێرش بکاتە سەر ناو جەرگەی ڕووسیا، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئۆکرانیا هەوڵێکی زۆری بۆ ئەوە داوە.
ئێکۆنۆمیست دەڵێت لێدوانەکانی ستۆڵتنبێرگ بە ئاشکرا دیار بووە کە مەبەست لێیان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن بووە، بایدن ڕێگەی نەداوە ئۆکرانیا بە چەکەکانی ئەمەریکا هێرش بکاتە سەر ڕووسیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
کرێملن سەرکۆنەی داواکەی سکرتێری ناتۆ دەکات لە ئۆکرانیا بۆ بەکارهێنی چەکی ڕۆژئاوایی لە ڕووسیا
