Accessibility links

زیادبوونی گرژییەکانی نێوان هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕوسیا لەسەر ئۆکرانیا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ داوای لە ڕوسیا کرد سنوورێک دابنێت بۆ زیادکردنی هێزەکانی لە دەوروبەری ئۆکرانیادا کە " هیچ هۆکارێکی " نیە، هاوکات مۆسکۆ ڕۆژئاوای تۆمەتبار کرد بەوە ئۆکرانیا دەکەنە " بەرمیلێک لە بارود."

لە ئێستادا نیگەرانیەکان لەسەر فراوانبوونی ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دووبارە زیادبۆتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە کرد سەربازانی ڕوسی جوڵەکانیان زیادکردووە و ڕووبەڕووبوونەوەکانیان لەگەڵ جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا چڕترکردۆتەوە کە مۆسکۆ پشتیوانیان لێدەکات.

ستۆڵتنبێرگ وتی " زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا هیچ هۆکارێک و شیکردنەوەیەکی نیە و جێی نیگەرانییەکی زۆرە."

وتیشی " پێویستە ڕوسیا سنورێک بۆ هێزەکانی دابنێت لە ناوخۆ و دەوروبەری ئۆکرانیادا و کردەوە وروژێنەرەکانی ڕابگرێت و بەزووترین کات گرژییەکان کەم بکاتەوە."

ستۆڵتنبێرگ وتی " لەم هەفتانەی ڕابردوودا ڕوسیا جوڵەی بە هەزاران سەرباز کردووە بۆ سەر سنووری ئۆکرانیا و ئامادەن بۆ شەڕکردن، ئەمەش لەدوای لەخۆگرتنی نایاسایی دورگەی کریمیاوە لە ساڵی 2014 دا یەکەمین جارە ئەو ژمارە زۆرە جوڵەیان پێبکرێت."

لەلای خۆیەوە ئۆکرانیا کە لە ساڵی 2008 دا داوای کرد ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، فشار دەکاتە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا تاوەکو بە " کردار " پشتیوانی لێبکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئۆکرانیادا بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر کردەوەیەکی دوژمنکاری نوێی ڕوسیا دژی وڵاتەکە.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کۆلیبا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ستۆڵتنبێرگ وتی " چیتر ڕوسیا ناتوانێت کەس توشی سەرسوڕمان بکات. ئۆکرانیا و هاوڕێکانی هۆشیارن."

وتیشی " نەخێر کات بەفیڕۆ نادەین، لەکاتێکدا ئەگەر مۆسکۆ کارێکی سەرکێشانە بکات یاخود شەپۆلێکی دیکەی نوێی توندوتیژییەکان دەستپێبکاتەوە، ئەوا باجەکەی گەورە دەبێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG